كار بۆ پڕۆژەیاسای چاودێری، هاریكاریی كۆمەڵایەتی و دەستەبەر و دڵنیایی كۆمەڵایەتی دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لیژنەكەیان سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكە بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی خزمەتی تەواوی چینوتوێژەكانی خێزان و كاروباری كۆمەڵایەتی بكرێت.
(فەیرۆز تەها ئاكرەیی) پەرلەمانتار لە فڕاكسیۆنی زەرد و ئەندامی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەك پڕۆژەیاسا پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرابوون و خویندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە و پێشكەش بە لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزان و منداڵ كراوە، لیژنەكەیشمان خەریكی گفتوگۆیە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای چاودێری، هاریكاریی كۆمەڵایەتی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و هەروەها دڵنیایی كۆمەڵایەتی".
( فەیرۆز) گوتیشی: "ئامادەكردنی ئەم پڕۆژەیاسایە بە هەماهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، دوای ئامادەكردنی پڕۆژەیاساكەیش لەگەڵ چەندین لایەنی پەیوەندیداری وەكو وەزارەتی دارایی و پلاندانان باسی لێوە دەكەین تاوەكو دەرچوونی ئەم پڕۆژەیاسایە خزمەتی تەواوی چینوتویژەكانی خێزان و كاروباری كۆمەڵایەتی بكات".
نەشوان بەرزنجی




