داوودئۆغلو خۆی دێتە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە

توركیا-KDP.info- پارتیی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە" هەموو هێزێكی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا بتوانێت بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت. بۆ ئەمەیشیان سەرەتا لە كۆنگرەی ئاسایی پارتییەكەیانەوە دەستیان پێ كرد، بەوەی توانی زۆرێك لە جێگرانی حیزب بگۆڕدرێن و چەندین ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیش بگۆڕێت.
ئاكەپە دەیەوێت كۆمەڵێك كەسی بەتوانا و جەماوەری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت كاندید بكات، كە ئەو كەسایەتیانەیش كاریگەریی زۆریان دبێت لەسەر دەنگدەر. هەروەها (ئەحمەد داوودئۆغلو) بڕیاری داوە ئەمجارەیان بۆ خۆی كیبڕكێی هەڵبژاردن بكات و خۆی كاندید بكات.
بە گوێرەی زانیارییەكان (داوودئۆغلو) لەسەر شاری ئیستانبووڵ لە ناوچەی 1 خۆی كاندید دەكات، ئەمەیش دوای ئەو شكستە دێت كە ئاكەپە لە ئیستانبووڵ لە هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیراندا دووچاری هات و 10 كورسیی پەرلەمانی لە دەست چوو، بۆیە دەیەوێت خۆی دەنگ بۆ پارتییەكەی كۆ بكاتەوە و ئەو 10 كورسییەی لە دەستیان چووبوو، بگێڕێتەوە.
(داوودئۆغلو) لە كۆبوونەوەی پارتییەكەیاندا لە ئانكارا بە ئەندامانی پارتییەكەی گوتووە كە، بۆ ئەم هەڵژاردنە بە ستراتیژییەتێكی نوێوە دێنەوە مەیدان و دەبێت بیسەلمێنن كە ئاكەپە هەر ئەو ئاكەپەی ساڵی 2011ـیە.
بۆ ئەمەیشیان دەیەوێت دووبارە دەنگی كوردەكان مسۆگەر بكاتەوە، بە تایبەت ئەو كوردانەی لە 7ـی حوزەیراندا دەنگیان بە هەدەپە دا و، ئاكەپەیان پشتگوێ خست. ئەمجارەیان ئاكەپە لە دەرگەی ئەو كەسایەتییە كوردانە دەدات كە كاریگەریی زۆریان بەسەر دەنگدەری كوردەوە هەیە. بۆ نموونە لە دیاربەكر (عەبدولڕەحمان كورت) دەبێتە كاندیدی ئاكاپە كە بۆ یەكەمەجارە ئەو كەسایەتییە لەسەر ئاكەپە خۆی كاندید بكات، هەروەها (مەهدی ئەكەر)ـیش كە كوردە و لەسەر دیاربەكر دەبێتە كاندیدی ئاكەپە.
بۆ شاری باتمانیش (محەممەد ئەمین)ـیان كاندید كردووە كە كەسایەتییەكی سیاسیی كاریگەرە و خەڵكی باتمان زۆر رێزی لێ دەگرن.
جگە لەو شارانەی باسمان كرد، ئاكەپە ئەمجارەیان بە ستراتیژییەتێكی نوێوە پڕوپاگندەی هەڵبژاردن لە (ئیزمیر، ئانكارا، ئیستانبووڵ، ئەنتاڵیا) دەكات، چونكە لە 7ـی حوزەیراندا لەو شوێنانە دەنگی كەمی هێناوە و دەیەوێت ئەندامە زویرەكانی خۆیان ئاشت بكەنەوە.
كارزان گلی




