كورد پرسیاری بۆ وهزیری نهوت ههیه

بەغدا-KDP.info-هاوپەیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چهند پرسیارێكیان بۆ وهزیری نهوتی عێراق ههیه كە بۆچی ئەم ڕێكەوتنە نەوتییە وەكو پێویست جێبەجێ ناكرێت.
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە بە نیازن میوانداریی عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق بكەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێ كردنی كێشەكانی بەردەم ڕێككەوتننامەی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغداو ڕوون كردنەوەیان سەبارەت بە هۆكارەكانی وەستانی كار كردن بە ڕێككەوتننامە نەوتییەكە.
پێوەست بەم بابەتە(د.تاریق گەردی) ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەر 25 ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەتوانن پشتگیری لە یەكتر بكەن بۆ بانگێشتكردنی هەر وەزیریك یان هەر بەرپرسێك ئەگەر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بێت. ئەم بابەتی جێبەجێنەكرانەی ڕێكەوتنە نەوتییەكەی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستی بە ڕونكردنەوەی زیاتر هەیەو ئێمەش ئەو پرسیارەمان لا گەڵاڵە بووە وەكو هاوپەیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران كە بۆچی ئەم ڕێكەوتنە وەكو پێویست جێبەجێ ناكرێت و پرسیاری خۆمان هەیە لە وەزیری نەوت لەكاتی هاتنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران."
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: " ئەگەر سەیری ئەسڵی ڕێكەوتنەكە بكەین ئەوا بۆمان دەردەكەویت سەرجەم كێشەكان لەلایەن حكوومەتی ناوەندیەوە بۆ ڕێكەوتنەكە دروست كراوە. بەو بیانووەی كە حكوومەت پارەی نەختی نییە، پارەی هەرێمی بە كەموكورتی دەنارد و، حكوومەتی ناوەندی بەردەووام بوو لە كەمكردنەوەی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی دەنارد ئەوە بوو هەرێمیش هەستی بە مەترسی كرد و بۆیە ڕێژەیەكی كەمتر نەوتی ڕادەستنی حكوومەتی عێراق كرد. هەرێم ترسی هەبوو لە جێبەجێنەكرانی ڕێكەوتنەكە چونكە پێشووتر لە شوباتی 2014وە تا كۆتایی ساڵی 2014 مالیكی هەمان كێشەی دروست كردوو بودجەی هەرێمی بڕی، بۆیە بە ناچاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ بۆئەوەی بتوانێت قوتی هاوڵاتیانی هەرێم دابین بكات."
ئاماژەیشی دا كە: "بە شێوەیەكی گشتی هەست دەكەن خۆدزینەوەیەك هەیە لە پابەندبوونەكانی حكوومەتی ناوەندی لەسەر پرسی بوودجەی هەرێم و هەرگیز وەكو خۆی نەیانناردووە، هەرجارەو بە بیانوویەك لە ساڵی 2005ەوە تاكو ئەمرۆش سەدا17 بە كورد نەدراوە."
سەرباز واحید




