٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرسی کورد لە بیستوپێنجەمین کۆڕبەندە ئابوورییەکەی پۆڵۆنیادا

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵۆنیا -KDP.info- کۆڕبەندی ئابووری لە شاری کرینیچای پۆڵۆنیا، کە کۆنفرانسێکی هەرە گەورەی سیاسی و ئابوورییە لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا، کارەکانی تەواو کرد بە بەشداریی چالاکی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا هەر لە سەرەتای کۆنفرانسەکەوە ئامادە بوو. کۆڕبەندەکە بە پانێلێکی وتوێژ دەستی پێکرد لە ژێر ناوی "چۆن ئەوڕووپایەکی بەهێز بنیاد بنێین؟ ستراتیژی داهاتوو"، کە تیایدا سەرۆکی سێ وڵات گوتاریان پێشكەش کرد لەوانە: سەرکۆماری پۆڵۆنیا ئاندژێی دودا  Andrzej Duda، سەرۆکی مەقدۆنیا جۆرج ئیڤانۆڤ George Iwanow و سەرۆکی کرواتیا خاتوو گۆلیندا گرابار-کیتارۆڤیچ Golina Grabar-Kitarovic.

لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، زیاد ڕەئووف یەکێك بوو لە بەشداربووانی پانێلێکی جێی بایەخی گوتووێژ لەگەڵ گڕوپێکی نێودەوڵەتی لە ژێرناوی "خۆرئاوابوون یان ڕێنێسانسی دەوڵەتی نەتەوەیی".

نوێنەری حکوومەت لە گوتارەکەی خۆی، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە،  ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینین دەوڵەتی فرە نەتەوەیی بەرەو ڕووخان دەچن، کە بە شێوەیەکی دەسکرد لە سەر بڕیاری بەریتانیەکان و، فەرەنسیەکان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم هاتنە دامەزراندن، پێش هەموویان مەبەست سووریا و عێراقە. نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا ئاماژەی بەوە دا، کە کوردەکانی عێڕاق دوانزە ساڵ لەمەوبەر لەسەر داوا و پێشنیاری وڵاتانی ڕۆژئاوا بڕیاریان دا جیا نەبنەوە و بەشداری بکەن لە بنیادنانەوەی وڵاتێکی فیدراڵ لە عێراقدا. خۆیان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە توانییان گەشەی ئابووری وەدی بهێنن لەگەڵ بەرقەرارکردنی ژیانێکی مۆزاییکی ئیتنی بۆ هەموو لایەك.
زیاد ڕەئووف سەرەنجی ئەوەی دا، بەڵام عێراق بە ئاراستەیەکی خراپ هەنگاوی نا و، بە ئاراستەیەکی جیا لە وەی کە دەستوور پێشنیازی بۆ کردبوو و دەسەڵات کۆ کرایەوە لە دەستی کەسێك و، تا ئەمڕۆش لە ناو ململانێی جیاواز دەخولێتەوە. نوێنەری حکومەت وەبیری هێنانەوە، کە ئامادەکاریەکان دەستیان پێکردووە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵام دەبێ ئەوە بە گوێرەی یاسا بەڕێوە بچێت، دەبێ یەکەم جار هاوڵاتیانی کوردستان لەو بارەیەوە بڕیار بدەن و، لە کاتی گونجاوی خۆیدا سەربەخۆیی ڕابگەیێنرێت.

ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندی ئابووری، دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلان دانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتی هەرێم، دیدارێکی گرنگی ئەنجام دا لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی ماوۆپۆڵسکا ڤۆیچێخ کۆزاك و  به‌ عه‌لی سندی ڕایگەیاند کە هاوکاری مرۆیی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. هەر لە میانەی چاوپێکەوتنەکە، زیاد ڕەئووف ئەوەشی خستە سەر، کە پێویستی پزیشکیش هەن بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە بە سەختی بریندار بوون لە بەرەکانی جەنگدا، هەروەها هاوکاری دەروونی بۆ ئەو ئێزیدیانەی کە دووچاری ستەم و زۆرداری بوون لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ڤۆیچێخ کۆزاك ڕایگەیاند،  بەشی تەندروستی هەرێمی ماوۆپۆڵسکا، کە لە ئاستێکی بەرزدایه، ئامادەیی پێشکەشکردنی ئەو جۆرە یارمەتیانەشی هەیه.

دوای تەواوبوونی دیدارەکە، سەرۆکی هەرێمی ماوۆپۆڵسکا بە یاوەری شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی پیشانگای فۆتۆگرافی کرد بە ناوی "پێشمەرگە لە ساڵانی 1961 – 2015”، کە خەباتی پێشمەرگەی لە سەردەمی شۆڕشگێڕی شاخەوە تا جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لەمڕۆ دا نیشان دا.  لە بۆنەکەدا زیاتر لە سەد کەس بەشداریان کرد لە زۆر وڵاتی جیاوازەوە: ئەندامانی پەڕلەمان، پەڕلەمانتارانی ئەوڕوپا، دەسەڵاتدارانی هەرێمی ماوۆپۆڵسکا، کۆنسوڵی وڵاتان، سەرۆكەکانی زانکۆکان و هەروەها زۆر میوانی تری کۆڕبەندی ئابوورییەکە.
ئێوارەی کوردی بە وتارێکی زیاد ڕەئوف دەستی پێکرد، کە تیایدا باسی بارودۆخی هەرێمی کوردستانی کرد، دواتر سەرۆکی هەرێمی 'ماوۆپۆڵسکا ڤۆیچێخ کۆزاك'ـیش وتارێکی پێشکەش کرد ناوبراو دووبارە ئامادەیی کۆمەك کردنی مرۆیی بۆ کوردستان دووپات کردەوە. هەروەها ئاماژەی دا، کە نەتەوەی پۆڵۆنیا هاوخەم و پشتیوانی نەتەوەی کوردن، چونکه پۆڵۆنیاش ماوەی چەندین ساڵ لە ژێر داگیرکاری و ستەمی دراوسێکانی بوو. دوای بەشی فەڕمی، کۆنسێرتێکی موزیکی کوردی بەڕێوە چوو لە لایەن موزیك ژەنانی کورد: سامان ئیلیاس، مەسعوود شەمسی و فادی فازڵ، لەگەڵ خوانێکی کوردەواری.

ڕۆژی سێیەم و کۆتایی کۆڕبەندی ئابووری، دکتۆر عەلی سندی وتارێکی پێشکەش کرد لە پانێلێك بە ناوی "ئایا ستراتیژیەکی ژێرخانی ئەوروپی بۆ هەموو لایەك ئەگەری هەیە"؟ دکتۆر عەلی سندی لەسەر پرسی ستراتیژی گشتی ئەوڕوپی بۆ گواستەوە و گەیاندن، ئاماژەی دا، کە  ستراتیژییەکان پێویستیان بە دووبارە پێناسەکردنەوە هەیه، بەشێوەیەك کە ڕەچاوی ئەو هەرێم و ناوچانە بکات، کە سنوریان لەگەڵ ئەوڕوپا نیە، بۆ نمونە کوردستان.

بە درێژایی کۆنفرانسەکە شاندی کوردی ئامادە بوو لە چەند پانێلێکی تری وتووێژ، لەوانە لەبارەی هاریکاری لە سێکتەری ووزە و دووبارە کرانەوەی ئەوڕوپا بە ڕووی هاریکاری لەگەڵ ئیران. ئەوە دەرفەتێك بوو بۆ دروست کردنی پەیوەندی  و گفتوگۆ لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی پۆڵۆنیا خاتوو کاتاژینا کاچپێرچك Katarzyna Kacperczyk، هەروەها لەگەڵ میوانانی تر لە ئیران و کرواتیا و ئەڵمانیا و ئوکراین و ڕۆمانیا و ئەرمەنستان.

کۆڕبەندە ئابوورییەکەی ئەمساڵ بۆ شاندی کورد، دەرفەتێك بوو بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ لایەنی دەرەکی و بەڵێندانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی ماوۆپۆڵسکا بۆ بەردەوامیدان بە یارمەتی مرۆیی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار