٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مه‌سرور بارزانی: هیچ كاتێك كورد نایه‌وێ به‌شێك بێت له‌ ململانێی تایفی

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-(مه‌سروور بارزانی) له‌پێشوازی باڵیۆزی ئوستڕالیا له‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌، كورد هیچ كاتێك نایه‌وێ به‌شێك بێت له‌ ململانێی تایفی و بوونی هێزێكی نیشتمانیی بۆ پرۆسه‌ی رزگاركردنی ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ تیرۆریستاندا‌ گرنگ و كاریگه‌ره‌‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15/9/2015 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (كریستۆفه‌ر لانگمان) باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد. له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی بریكاری باڵیۆز به‌ڕێوه‌چوو دوا پێشهاته‌كان و ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش خرانه ‌به‌رباس و گفتوگۆ.
وێرای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، (مه‌سروور بارزانی) سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئوسترالیای كرد بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری و یارمه‌تییه‌كانی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و رایگه‌یاند، ئێمه‌ پێویستیمان به‌ یارمه‌تی راسته‌وخۆی ئوستڕالیا هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به ئه‌زموون و شاره‌زایی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و خاڵه‌ گرنگه‌كانی سنورداركردنی جموجۆل و تواناكانی تیرۆریستانی داعش كرد و گوتی: پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕی داعشدان هاوكاری و پشتیوانییه‌كانی زیاتر و كاراتر بكات.
له‌به‌رانبه‌ردا بالیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌ هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ كرد و رایگه‌یاند، ئێمه‌ ئه‌وه‌ باش ده‌زانین، كه‌ پێشمه‌رگه‌ هێزێكی كاریگه‌ره‌ و ئه‌ركێكی‌ گرنگ جێبه‌جێده‌كات، ئێمه‌ له‌ هاوكارییه‌كانماندا به‌رده‌وام ده‌بین. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ سنوورداركردنی جموجۆڵی ئه‌و گومانلێكراوانه‌ چڕ كردۆته‌وه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێ په‌یوه‌ندی به‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بكه‌ن.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و گرنگی رزگاركردنی گشت ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق كرا و دووپات له‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ پێكهاته‌كان له‌ ئاینده‌ی سیاسی خۆیان دڵنیا بكرێنه‌وه‌ و (مه‌سروور بارزانی) رایگه‌یاند، كورد هیچ كاتێك نایه‌وێ به‌شێك بێت له‌ ململانێی تایفی و بوونی هێزێكی نیشتمانیی بۆ پرۆسه‌ی رزگاركردنی ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ تیرۆریستاندا‌ گرنگ و كاریگه‌ره‌‌.
له‌ كۆتاییدا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هیوای فره‌وانكردن و به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقوڵییه‌‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئوسترالیای له‌ گشت بواره‌كاندا خواست.
 

هەواڵی پەیوەندیدار