''سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه پاشخانی ئیسلامی هه‌یه، هەقی نییە سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب بنێتە لاوە''

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ی ڕه‌قیب مارشه پیرۆزه‌كه‌ی گه‌لێكی 50ملیۆنه‌ی كورده، كه‌چی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ته‌نیا به میوزیك هێشتی ئه‌و مارشه لێ بدرێ و، له هه‌نگاوی دووه‌میشدا مه‌ترسیی وه‌لاوەنانی لێ ده‌كرێ. له‌م ڕاپۆرته‌دا چاودێرانی سیاسی و ڕۆشنبیر و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب به هێڵی سوور ده‌زانن و، ده‌ڵێن ئه‌مه مافی په‌رله‌مان نییه ده‌ست بۆ مارشی گه‌ل به‌رێ.
سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب مارشی نه‌ته‌وه‌ییی كورد و كوردستانیانه و 50 ملیۆن كورد ئه‌م سرووده به مارشی خۆی ده‌زانێ و به سه‌دان هه‌زار پێشمه‌رگه و خه‌ڵك لە به‌ره‌ی جه‌نگ له‌ژێر جۆش و خرۆشی ئه‌م سرووده سنگیان داوه‌ته به‌ر گولله‌ی دوژمن و بوونه‌ته قه‌ڵغانی پاراستنی هه‌رێم، كه‌چی له‌ماوه‌ی ڕابردوودا سه‌رۆكی په‌رله‌مان له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا بۆ دڵڕازیكردنی لایه‌نێكی ئیسلامی، بڕیاری دا ته‌نیا میوزیكی ئه‌و سرووده لێ بدرێ كه ئه‌مه ده‌ستبردنه بۆ مافی خه‌ڵك و زه‌وتكردنی مارشی گه‌لی كورده كه له ده‌سته‌ڵاتی په‌رله‌ماندا نییه، چونكه گه‌ل ئه‌م سرووده‌ی هه‌ڵبژاردووه و مه‌ترسیی ئه‌وه‌یش هه‌یه كه له قۆناغێكی دیكه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌جارێك ئه‌و مارشه پیرۆزه‌ی گه‌ل وه‌ڵابنێ؛ كه‌چی ئیسلامییه‌كانی هه‌رێم له كاتی به‌شدارییان له كۆنگره‌ی ئاكپارتی له توركیادا له‌به‌ر مارشێكی بیانی هه‌ڵستانه‌وه.
سه‌باره‌ت به‌م پرسه سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان (فەرحان جەوهەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان وەکو عورفێک بەردەوام سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب لە پەرلەمان لێ دەدرا، بەڵام ئەمە چەند جارێکە لە پەرلەمان لێ نادرێت، ئەمەش بۆ ڕازیکردنی هەندێک پەرلەمانتاری ئیسلامییە، نەک بۆ پێکهاتەکانە.
(فەرحان جەوهەر) گوتیشی: "ڕاپۆرتی سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب ئامادەیە و کۆبوونەوەی هاوبەشیش کراوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان نایخاتە بەرنامەی کارەوە و لای خۆی گلداوەته‌وه، هۆکارەکەشی لەبەرخاتری پەرلەمانتارانی کۆمەڵی ئیسلامییە، کە ئەمەش كار و هه‌وڵێكی نارەوایە؛ ٣٩٠ ڕۆشنبیریش ئیمزایان کۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی کار، به‌ڵام سەرۆکی پەرلەمان بۆ مەرامی سیاسییه‌كه‌ی هێشتا ئاماده نییه بیخاتە بەرنامەی کارەوە."
چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی (تامان شاکر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سروودی ئەی ڕەقیب لە کابینەکانی پێشوویشدا دوژمنی گەلێک زۆری هەبوو، بە تایبەتی ئەو تاریکپەرستانەی کە پێیان وایە سروودی ئەی ڕەقیب بێئیمانیی تێدایە؛ بێ‌گومان پێشتریش ئێمە داوامان کردووە پەرلەمان لە هەموو دانیشتنەکان ئەو سروودە لێ بدرێت، بەڵام بە داخەوە نەکرا و، کۆمەڵێک خۆبەخش واژۆمان کۆ کردەوە دژی گۆڕینی سروودی ئەی ڕەقیب و، بە ڕای من ئەمڕۆیش خەڵکانێک ئیسلامی سیاسی یاخود باگراوەندی ئیسلامی سیاسی پێیان وایە ئەم سروودە تەمسیلی هەموو خەڵکی کوردستان ناکات ئەمەش وانییە، چونکە ئەوان شەڕیان بۆ کەمە نەتەوایەتیەکان دەکرد ئەمڕۆ لەچارەکردنی کێشەکان ڕێگەیان پێ‌نادرێت بەشدار بن کە ئەمەش دووفاقییەکی تێدایە."
(تامان شاکر) گوتیشی، ئێستا هەموو گەلی کورد کە تاکە شت بەیەکەوەمان دەبەسێتەوە سروودی ئەی ڕەقیبە، ئیستا ئیسلامییەکان دەیانەوێت بیگۆڕن.
جه‌ختیشی کردەوە: "باكگراوەندی سەرۆکی ئێستای پەرلەمان کوردستان ئیسلامییە و ئەو بڕوای بەوە نییە و جگە لەوەش ئەو سروودە بە هی پارتی دەزانن؛ ئەمەش کێشەیە لە ڕقی حزبێک پیرۆزییەکان دەستکاری بکرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی دژایەتیی پارتیی پێ بکه‌ن و، بۆ ڕازیکردنی هەندێک لایەنیشە، بۆیە ئەقڵیەتی سەرۆکی پەرلەمان ئەقڵیەتی ئیخوان‌موسلمینە."
(فەرهاد سەنگاوی) پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سروودە نیشتمانییەکەی ئەی ڕەقیب، یەکێکە لە شاکارەکانی هونەری کوردی و پێویستە بکرێتە یاسا، هەرچەندە وەختی خۆیشی باسی لێوە کراوە، بەڵام کێشەکانی وڵاتی ئێمە هێندە زۆرن نازانم چۆن باسی لێوە بکەین."
(فەرهاد سەنگاوی) گوتیشی، ٩٠%ـی خەڵکی کوردستان شانازی بەو سروودەوە دەکەن و پەرلەمانیش هەروەها.
(سەنگاوی) گوتیشی، ئەو سروودە هێندە گرنگە، ڕازی نابین لا ببرێت.
هەر لەمبارەیەوە (لالۆ ڕەنجدەر) وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوت: "هیچ پارچەیەکی کوردستان، هەقی نییە خۆی بە تەنیا سروودە نیشتمانییەکەی ئەی ڕەقیب دەستکاری بکات، چونکە پێویستە هەموو پارچەکانی کوردستانیش ڕازی بن، ئێستا نزیکەی ٤٠ ــ ٥٠ملیۆن کورد ئەو سروودە بە سروودی خۆیان دەزانن، بۆیە مافی پەرلەمانی کوردستانیش نییە ئەو سروودە دەستکاری بکات."
(لالۆ ڕەنجدەر) ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو سروودە لە ڕووی تێکست و ئاوازەوە هیچ کەموکووڕییەکی نییە و، یادگاری ملیۆنەها کوردی هەرچوار پارچەی کوردستانە.
(ڕەنجدەر) باسی لەوەش کرد، لێنەدانی سروودە نیشتمانییەکەی ئەی ڕەقیب لە پەرلەمان بانگراوەندێکی سیاسی لە پشتەوەیە و، فکری حزبییە و، کاریگەریی حزبیی لەسەرە و، هەر حزبە ئیسلامیەکانیش نین، بەڵکو حزبی دیکەش هەن ئەوەیان قۆستۆتەوە بۆ لێدانی زۆرینەی خڵکی کوردستان بۆ دەستکەوتێکی حزبی.
جێی ئاماژه‌یه، سروودی ئه‌ی ره‌قیب كه له لایه‌ن شاعیری گه‌وره‌ی كورد، پارێزه‌ر (یوونس ره‌ئووف) ناسراو به دڵدار له ساڵی 1940 دانراوه، بووه‌ته كولتوور و فه‌رهه‌نگی میلله‌تی كورد و جێگه‌یه‌كی پیرۆزی له بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و دڵی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا هه‌یه و، سیمبۆلی خه‌بات و به‌رخۆدانی گه‌له‌كه‌مانه و ئاوێته‌ی بیر و ویژدانی هه‌موو چین و توێژێكی گه‌لی كوردستانه.
دڵداری شاعیر كه دانه‌ری سروودی (ئه‌ی ره‌قیب)ـه، ناوی ته‌واوی یوونس مه‌لا ره‌ووف مه‌لا مه‌حموود سه‌عیده و له 20/2/1918 له شاری كۆیه له‌دایكب ووه و له 12/7/1947 دا كۆچی دوایی كردووه.
بڵند ئیبراهیم




