لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی تەرمی شەھید یووسف لەجە دەگەڕێندرێتەوە ھەرێمی کوردستان

ههولێر -KDP.info- لەسەر فەرمانی (سەرۆک بارزانی) ئەمڕۆ تەرمی شەھید (یووسف لەجە) دەگاتەوە ھەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانیدا بەخاک دەسپێردرێت.
(نازم ھەرکی) پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەرد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی زەرد هاتووینەتە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی ھەولێر و، چاوەڕێی تەرمەکەی شەھید (یووسف لەجە)ین کە بڕیارە ئەمڕۆ لە پاکستانەوە بگاتەوە ھەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانیدا بەخاک بسپێردرێت."
(نازم ھەرکی) گوتیشی، ھێنانەوەی تەرمی شەھید (لەجە) لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە.
شەھید (یووسف لەجە) لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیشدا پێشمەرگە بووە و، چەندین جار ڕژێمی بەعس زیندانی کردبوو؛ ساڵی ١٩٨٧ بەرەو دەرەوە کۆچی کردووە، بەڵام لەسەر سنوری نێوان پاکستان و ھیندستاندا شەھید کرا، وا تازە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و، لە شاری سلێمانیدا بەخاک دەسپێردرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




