دەزگای بارزانی 50 هەزار جانتا و پێداویستیی خوێندنی دابەش كرد

دهۆك -KDP.info- لەگەڵ لێدانی یەكەم زەنگی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك ساڵانی رابردوو، 50 هەزار جانتا و پێداویستیی خوێندنی بەسەر قوتابیانی قۆناخی بنەڕەتیدا دابەش دەكات.
ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێكی پرۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵدەستێ بە دابەشكردنی 50 هەزار جانتا و پێداویستیی خوێندن بەسەر قوتابیانی هەرێمی كوردستان و ئاوارە و پەنابەری ناو كەمپەكان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. لەو میانەیەیشدا لەگەڵ لێدانی یەكەم زەنگی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، لە پارێزگای دهۆك بە ئامادەبوونی (عەبدولواحید ئەمنی) نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، (د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەستا بە دابەشكردنی جانتا و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندن بەسەر دوو قوتابخانەی ئەو دەڤەرەدا، هەڵمەتەكە سەرەتا لە قوتابخانەی پیرەمەگروون لە شاری دهۆك دەستی پێ كرد و تێیدا 700 قوتابیی قۆناخی بنەڕەتی جانتا و پێداویستییان بەسەردا دابەش كرا، هاوكات لە قوتابخانەی رۆژئاوا بە ئامادەبوونی (بۆتان موحسین) قایمقامی قەزای دهۆك، دەست كرا بە دابەشكردنی جانتاو پێداویستیی خوێندن بەسەر 400 قوتابیی قۆناخی بنەڕەتیدا.
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانە لەگەڵ دەستپێكی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، لەسەر ئەركی خۆی هەڵدەستێ بە دروستكردن و دابەشكردنی جانتا و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندن بەسەر 50 هەزار قوتابیی قۆناخی بنەڕەتی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و گوند و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، هاوكات لە كەمپی ئاوارە و پەنابەرانیش بە هەمان شێوە جانتا و پێداویستیی بەسەر قوتابیاندا دابەش دەكات.
پێداویستییەكان بریتین لە: (جانتا، دەفتەر، پێنووس رەساس، پێنووسی وێنەكێشان، قەڵەم تراش، پاككەرەوە، پێنووسی میكانیكی، جانتای بچووك بۆ پێنووس، جزدانی پارە، راستەهێڵ).




