٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەنگاریا یاسایە نوێیەكەی خستە واری جێبەجێكردنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەنگاریا -KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "گاردیان"، یەكێك لە ڕێگا سەرەكییەكانی پەنابەران بۆ گەییشتن بە وڵاتانی ئەورووپا و بە تایبەتیش بۆ ئەڵمانیا، ڕێگای هەنگاریا بوو. هەنگاریایش یاسایەكی نوێی بۆ ئەو دۆخەی پەنابەران ئامادە كرد و، بڕیاری دا لە (١٥ـی ئەیلوول) و دوای تەواوبوونی تەلبەندكردنی سنوورەكانی، بیخاتە واری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی یاسا نوێیەكە لێرە بەدواوە هەر كەسێك سنوورەكانی هەنگاریا ببەزێنیت، بە نایاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و بە تاوانبار دادەنرێت، حكوومەتی هەنگاریایش چەند دادگا و دادوەرێكی بۆ ئەو دۆخە ئامادە كردووە. هەروەها ئەو ماوەی پێشوویش كە ڕێگاكانی واڵا كردبوو، لەبەر ئەو دۆخە نائاساییە بوو تاوەكو ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەران بەرەو وڵاتانی دیكە تێبپەڕن.
هەنگاریا لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەوە یاسا نوێیەكەی ئیش پێدەكات و، ئێستا سنوورەكانی بە ڕووی پەنابەراندا داخستووە، تاوەكو ئێستایش زیاتر لە (١٠٠) پەنابەری لە سنورەكانەوە گێڕاوەتەوە و، نزیكەی (١٦) كەسیشی گرتووە كە بە نایاسایی سنوورەكانیان بەزاندووە.
شیاوی گوتنە، پۆلیسی هەنگاریا وێستگەی شەمەندەفەرەكانیان تەنیوە و ناهێڵن چیدی پەنابەران بەكاریان بهێنن و، لە سەنتەرەكانی تۆماركردن فۆرمی پەنابەری بۆ ئەوانەی كە تاوەكو ئێستا لە هەنگاریا ماونەتەوە، پڕ دەكەنەوە و، بەپێی ڕاپۆرتەكەیش هەر كەسێك ڕازی نەبێت بە تۆماركردنی لە هەنگاریا، ئەوا دەیگێڕنەوە بۆ سربیا.
كۆتایی ڕۆژی دووشەممە و پێش داخستنی سنوورەكانی، زیاتر لە (٩ هەزار) پەنابەر هاتنە ناو هەنگاریاوە.
هەر لەبارەی پەنابەرانەوە، یەكیەتیی ئەورووپایش ڕازی بووە بە گواستنەوە و دابەشكردنی ئەو (٤٠ هەزار) پەنابەرەی یۆنان و ئیتاڵیا و بڕیارە لە ئەمڕۆوە دەستیان پێ بكرێت.
و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار