كارەكانی بۆ چاكسازی بێئەنجام دەبن.. سەرۆكایەتیی پەرلەمان كێشەكانی وەلا ناوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، كارەكانی لیژنەی دارایی بۆ چاكسازی، بێئەنجام دەبن، چونكە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كێشەكانی وەلا ناوە و كار لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ دەكات. ئەو هەروەها پێشنیازێكیشی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی چاكسازییەوە هەیە.
(د. شیرین حوسنی) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی زەرد و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەی دوو رۆژە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر هەندێك بابەتی چاكسازی بە تایبەتی لە بواری مووچەدا كۆبوونەوە ئەنجام دەدات، بەڵام ئەو كارەمان بۆ ئێستا سەر ناگرێت و بێئەنجام دەبێت، چونكە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان خۆی سەرقاڵی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كردووە و لە بەرنامەی كاری داناوە كە دوو مانگ تا سێ مانگی دیكە تەواو نابێت، لە كاتێكدا كێشەی خەڵك زۆرە، قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و كۆچكردنی هاووڵاتیان هەیە، بەڵام پەرلەمان ئەو كێشانەی داوەتە لایەك و بە پەیڕەوی ناوخۆوە خۆی سەرقاڵ كردووە".
(حوسنی) گوتیشی: "لەبەر ئەوە پێشنیازێك ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەم لەم بارودۆخەی ئێستادا بڕیارێكی بەپەلە دەربكات تا دەرماڵەی پلە تایبەتەكان رابگرێت، یاخود بە رێژەیەك كەم بكرێتەوە تا ئەو كاتەی باری دارایی هەرێم باشتر بێت و پارە لە بەردەستی حكوومەت هەبێت بۆیان خەرج بكرێتەوە، ئەگەر نەكرا ئەوا بە یەكجاری ببڕدرێت، چونكە مووچەكانیان زۆرە و، تا بەم پارەیە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بدرێت كە زۆر پێویستیان پێی هەیە".
نەشوان بەرزنجی




