٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساڵح مەلاعومەر: مەبەستی سیاسیی چوار لایەنەكە پێک ناکۆکە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، پێویستە لایەنەكان بگەنە ئەو باوەڕەی رێز لە ئیرادەی هەموو لایەك بگرن، نەك لایەنێك بێت و ئیرادەی خۆی بەسەر پارتیی دیموكراتی كوردستاندا بسەپێنێت، چونكە پارتی ئەمە قبووڵ ناكات.

(ساڵح مەلاعومەر) چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەگەر تەماشای رای چوار لایەنەكە بكەین (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو) داواكارییەكی یەكگرتوویان نییە و ناكۆكی لە نێوان خۆیاندا هەیە، چونكە ماوەی دوو رۆژە كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و نەیانتوانیوە پڕۆگرامێكی یەكدەستیان هەبێت، بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ پارتیدا گفتوگۆی لەسەر بكەن، لەبەر ئەوەی مەبەستی سیاسی و مامەڵەی لایەنەكان لەگەڵ یەكدیدا جیاوازیی زۆری هەیە".
(مەلاعومەر) گوتیشی: "ئەوان دەڵێن، ئەگەر سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی و پڕۆتۆكۆڵی بن و ئەگەر لەناو پەرلەمان دەسەڵاتەكانی زیاتر بن، ئەمە لە هیچ سیستەمێكی سیاسیی دنیادا پێوەر نییە بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسیی هەرێم بكاتە دیموكراسی، تەنیا ئەمە نیشان دەدات كە لایەنێكی سیاسی، چەند لایەنێكی لە خۆی كۆ كردووەتەوە و دەیەوێت خۆی بەسەر پارتیی دیموكراتی كوردستاندا بسەپێنێت، ئەمەیش پارتی بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات".
ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر باس لە یاسا بكرێت، یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا دەرچووە و زۆرینەی لایەنەكان دەنگیان پێ داوە لە پەرلەمان، ئێستایش لایەنێك ناتوانێ بە فەرزكردنی ئیرادەی خۆی كێشە بۆ ئەو یاسایە دروست بكات یاخود یاسایەكی دیكە دابنێت.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەیشی گوت: "ئەگەر بەم پاكێجانەوە بێن لە رۆژی پێنجشەممەدا لەگەڵ پارتیی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆ بكەن، زەحمەتە بگەنە رێككەوتن، بۆیە پێویستە ئەو باوەڕە دروست ببێت و بە شێوەیەك كار بكەن رێز لە ئیرادەی هەموو لایەك بگرن، نەك بە بیانووگرتنەوە بێن و یاسایەكی دیكە دابنێن بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسی  لە هەرێم گوایە دیموكراسیانەتر بێت".
(ساڵح مەلاعومەر) دەشڵێت، لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی سەرۆكی هەرێم كاریگەری لەسەر ئەوە نابێت سیستەمی هەرێم بەرەو دیكتاتۆرییەت ببرێت و زۆرینەی دەسەڵاتەكانی بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانە، بۆیە پێویستە لایەنەكان مەنتیقیتر پڕۆگرامەكانی خۆیان رێك بخەن بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارە بكەن".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار