(هێمن هەورامی): تورکیا پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەولێر زیاتر دەکات

هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی) بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکەی پارتی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ حیزبەکانی تورکیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە شاندەکەی پارتی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی تورکیا ئەنجامدەدات.
(هەورامی) گوتی "یەكشەممە ڕابردوو سەردانی هەدەپەمان کرد، دووشەممە سەردانی پارتیی گەلی کۆماری- جەهەپە و بڕیاریشە سەردانی ئاکپارتییش بکەین، لە سەردانەکانیشماندا ئامانجمان گەیاندنی بیروڕای پارتی و هەوڵدانە بۆ جەختکردنەوە لەسەر رووداوە نەخوازراوەکانی ئێستای باکووری کوردستان و رێگەگرتنە لە رژانی خوێن و باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا".
لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ (فەرەیدوون سنرئۆغڵو) وەزیری دەرەوەی تورکیا، پێیڕاگەیاندوون كە وەکو حکوومەتی تورکیا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەن، هەروەها هەوڵ دەدرێت هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکرێت، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی كردووەتەوە كە ئەوان خوازیاری ئاشتین و هیچ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ نەتەوەی کورد نییە.
دەربارەی هەڵوێستی هەردوو لایەنیش سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و حکوومەتی تورکیا، (هێمن هەورامی) گوتی "هەدەپە و جەهەپە، هەردوولا نیگەرانی خۆیانیان نەشاردەوە لەو بارودۆخەی ئێستا لە تورکیا هاتووەتە ئاراوە، هەردوولایش داوایان کرد پارتیی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزێکی هەرەگەورەی کوردستان لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی خۆیەوە هەم لەگەڵ ئەکپارتی هەم لەگەڵ برادەرانی دیکەش، بتوانێت جۆرێک لە چارەسەری بدۆزێتەوە، بۆ وەستاندنی شەڕ و خوێنڕشتن".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی كردەوە كە "ئەوەی ئێستا لە تورکیا روو دەدات، دژی پرۆسەی ئاشتییە و دژی ئەو راگەیێندراوەشە کە بەڕێز (ئۆجەلان)، لە نەورۆزی 2013 رایگەیاند، بۆیە خوازیار بوون بە هەموو لایەکمانەوە زیاتر بە پشتبەستن بە گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆکردن و کاری پەرلەمانی، چارەسەری ئەو کێشانە بکەین".
(هێمن هەورامی) گوتیشی " هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە لە تورکیا روو دەدات دەبێت بووەستێت و، لە کوێ خاڵی گفتوگۆکان وەستاون دەست پێ بکرێنەوە، بەڵام دیسانەوە دەڵێین ئەو کارە بەوە دەکرێت، کە چارەسەری حکوومەتی تورکیا بۆ مەسەلەی پەکەکە لە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کورد جیا بکرێتەوە، دەبێت پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و برادەرانی پەکەکەش دەبێت ئەو دەرفەتە بدەنە هەدەپە، تا سیاسەتی کورد لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە دیموکراسییەی لەنێو تورکیا هەیە، بتوانن چانسی پراکتیکیی سیاسیی خۆیان زیاتر بکەن".
(هەورامی) ئاشکرای کرد "پرسی ئاشتی و دیموکراسی بۆ هەدەپە پرسێکی ستراتیژییە، ئەوان خوازیاری ئەوەن و ئامادەن هەرشتێک لە دەستیان بێت بۆ گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەنجامی بدەن، بەڵام بەو مەرجەی حکوومەتی تورکیایش پشوودرێژی بنوێنێت و ئەو شەڕە لە هەندێک شوێن بووەستێنێت".
هەروەها راشیگەیاند "لە بیرمان نەچێت لە 1ـی مانگی 11 تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت، زۆر گرینگە بەر لەو وادەیە ئاگربەست رابگەیێندرێت، بۆئەوەی هەدەپە بە چانسێکی سیاسیانەی زیاترەوە بچێتەوە نێو هەڵبژاردنەکانەوە، بۆئەوەی بتوانرێت سیاسەت لە باکووری کوردستان سەرکەوتوو بێت، چونکە دەبێت سیاسەتی باکوور چەک کۆنترۆڵ بکات، ناکرێت ئەوانەی چەک بە کار دێنن و شەڕخوازن، سیاسەت لە باکوور کۆنترۆڵ بکەن".
دەربارەی پەیامی پارتی بۆ بارودۆخی ئێستای تورکیا هەورامی دەڵێ "ئێمە وەکو پارتی پەیاممان زۆر روون و ئاشکرایە، هەوڵ دەدەین بەشێک بین لە چارەسەر، بە هیچ شێوەیەک نە لە پێشووتر و نە لە ئێستا و نە لە ئایندەش بەشێک نابین لەو چارەسەرە سەربازیانەی بەرامبەر بە مەسەلەی کورد ئەنجام دەدرێت، پێشمان وانییە مەسەلەی کورد لە ڕێگەی سەربازییەوە پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها دەبێت هەردوولا بگەڕێنەوە بۆ ئەو پەیامەی کە بەرێز (ئۆجەلان) رایگەیاند، چونکە پێمانوایە پەیامێکی گرینگە، هەروەها دەبێت زیاتر گوێ لە بەرێز (ئۆجەلان) بگیرێت و قەندیلیش زیاتر گوێ بە قسەکانی هەدەپە و (ئۆجەلان) بدات".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی جەختیشی کردەوە، ئەوان بە تووندی ئیدانەی ئەوە دەکەن، کە خەڵکی سڤیلی کورد چ لە باشوور بێت یاخود لە باکوور بکرێنە ئامانجی شەڕەکان، گوتیشی "ئێمە پشتیوانی لە براکانمان دەکەین لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیانە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نێوان نەتەوەی کورد و تورک ئەو ململانێیەی کە هەیە بەرەو کۆتایی بچێت، بەداخەوە لە بەشێک لە شارەکانی تورکیا دەیبینین خەڵکی کورد لەسەر ناسنامەی کوردبوون پەلامار دەدرێت".
هەروەها گوتیشی "جەنابی کاک (مەسعوود) و جەنابی کاک (نێچیرڤان)ـیش لە رابردوو و ئێستایش لەژێر هیچ بارودۆخێکدا پەکەکە وەکو تیرۆریست نەناساندووە، پێشمانوانییە بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان تیرۆریزم بێت، بەڵام دەبێت سیاسییەکانی کوردستانیش ئەو دەرفەتە ئاشتی و دیموکراتییەی لە باکووری کوردستان هاتووەتە ئاراوە، لە دەست نەدەن".
شاندی پارتی و چەند حزبێکی دیکەی باشووری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی چەند رۆژێک لە تورکیا بوون.
لە ڕووداوەوە




