هیچ مەترسیەكی ئەمنی لەلایەن ئاوارەكانەوە بەسەر هەولێرەوە نیە و دەزگاكانی ئاساییش رۆڵی خۆیان بینیوە

ههولێر -KDP.info- نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر دووپاتی كردەوە پرسی پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی شەڕی داعش پرسێكی دەستووری و یاساییە و، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی كار لەسەر دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانیان دەكات.
پارێزگاری هەولێر لە دیمانەیەكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا: "وەرگرتنی ونیشتەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە لە هەولێر هەڵوێستێكی مرۆیی خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەنگی داوەتەوە و، ئەو ئاوارانەش بە هۆی ئەم هەڵوێستە و، بارودۆخی ئارام و، ئاساییشە سەقامگیرەکەی هەرێمی كوردستان ئەم شوێنەیان هەڵبژاردووە".
پارێزگار ئەوەشی خستە ڕوو: "ئازادكردنی مووسڵ پرسێكی هەستیار و گرنگە چونكە ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە مووسڵ دەژین و ساڵێكە ئەم شارە لەژێر دەستی داعشدایە. ئازادكردنی ئەم شارە پێویستی بە هاوكاری نێودەوڵەتیش دەبێت نەوەكو تەنها بەشداری نێوخۆیی و، دوای ئازادكردنیشی كارێکی زۆری پێویستە بکرێت و، ناوچەی دەشتی نەینەوا وەكو یەكەمین هەنگاوی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان دەستنیشان كراوە".
نەوزاد هادی ڕەتیكردەوە زۆری ژمارەی ئاوارەكان لە هەولێر كاریگەری بەسەر بارودۆخی ئەمنی ئەم شارەدا هەبووبێت ودووپاتیشیكردەوە "هەرچی ڕووداوێك لەهەولێر ڕوویدابێت جا تیرۆریستی بێت یانیش تاوانكاری، لایەنی ئەمنی كاری لەسەر كردووە وكەیسەكانیش دراونەتە دادگا و ئاوارەكان هیچ پەیوەندیان بەو كارەوە نەبووە".
هەروەها گوتی: "بەڵێ ئەم ئاوارانە بەم ژمارە زۆرەوە پێویستیان بە كار و خزمەتگوزاری زیاترە بەڵام بە هیچ شێوەیەك پەیوەندییان بە ڕووداوی ئەمنیەوە نییە و، دەزگاكانی ئاسایشیش لەم بارەیەوە هیچ درێغیان نەكردووە. ئێستاش بارودۆخی هەولێر سەقامگیرە و، هیچ گرفتێكی وا گەورە لەئارادا نییە".
گوتیشی: "دەزگا ئەمنیەكان هەر زوو لەگەڵ هەر گومانێك ئەوانەی دوور و، نزیك دەستیان لە هەر كردارێكی لەم جۆرەوە هەبێت دەستگیریان دەكەن و، هێزەكانی پێشمەرگەش ڕۆڵی خۆیان لەمبارەیەوە بینیوە."
بە پێی ئامارەكان، تاوەكو ئێستا نزیكەی ملیۆنێکو٨٠٠هەزار ئاوارەی عەرەب لە مووسڵ و ئەنبار و، بە پلەیەکی کەمتر کوردی کوردستانی سووریا، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و، لە چەندین كەمپی جیاجیا لە شارەكانی هەرێمدا دەژین. هەروەها بەشێكی زۆریشیان لەنێو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن.
لەبارەی هەندێك لەو دەنگۆیانەی گوایە ئاوارەكانی مووسڵ ورومادی پسوولەكانی خۆراكیان بۆ هەولێر دەگوازرێتەوە، پارێزگاری هەولێر ئەم دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە و، ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم كارە لەسەر ئاستی عێراقدا وەستاوە و، هەرێمی كوردستانیش بەپێی یاسا و دەستوور مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەكات و، ئەم دەستوورە خۆمان دەنگمان پێی داوە و، بە پێی ئەم دەستوورەش چوارچێوەی یاسایی هەرێمی كوردستان دیار و بەرچاوە".
هەروەها گوتی: "مانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان شتێكی كاتییە و ئێستا وڵاتانی هاوپەیمان كار بۆ ئازادكردنی ئەو شوێنانە دەكەن كە لە بەر دەستی داعشدایە، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە هیچ مەترسییەك كە لەلایەن هەندێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە باسی لێوە دەكرێت لەسەر هەولێر نییە بەهۆی ئەم ئاوارانە. بە پێچەوانەوە داڵدەدانیان ناو و ناوبانگێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە و، وڵاتانی جیهان بە ڕێزەوە سەیری ئەم هەرێمە دەكەن. بۆ زانیاریش ئەم ئاوارانە تەنها عەرەب نین بەڵكو مەسیحی و ئێزدی و، چەندین پێكهاتەی دیكەش لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن و، ئەوەیشی كە لەمبارەیەوە باسی لێوە دەكرێت گوایە مەترسی لەسەر هەرێم هەیە تەنها موزایەداتی سیاسین و، هەستنەكردنە بە بەپرسیارەتی و، هەوڵی نانەوەی شەڕ و فیتنەیە لەنێوان كورد و عەرەبدا؛ هەوڵێكە بۆ تێكدانی بارودۆخی شاری هەولێر بە بڵاوكردنەوەی پرۆپاگەندەی نادروست و، ئەم ئاوارانەش تەنها لە هەولێر نینە بەڵكو لە سلێمانی و لە دهۆكیشدا هەیە".
هەر بۆ مەبەستی كەمكردنەوەی مەینەتی ئەم ئاوارانە و نیشتەجێكردنیان لە شوێنی شیاو، لە 9ی ئەیلوول/ سەپتەمبەری ڕابردوو، كەمپێكی تایبەت بەو ئاوارانەی لە دیبەگە نیشتەجێ كراون، لەلایەن ڕێكخراوی مانگی سووری ئیماراتیەوە دروست كرا.
لەم بارەیەوە پارێزگار ئاماژەی بەوە دا "ئەو كامپە کە لە دیبەگە بۆ ئاوارەكان كرایەوە شوێنێكی كاتیە بۆ نیشتەجێبوونیان ولە هەزار یەكە پێكهاتووە و هەر یەكەیەكیش لە ژوورێك و سەرشۆرک (حەمام) و ئاودەست و، ناندین (ژووری چێشتلێنان) و حەوشەیەكی بچووك پێك هاتووە. ئەمەش جگە لە هەبوونی قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و كۆگا وشوێنی یەكەی ئیداری. ئەم کامپە بۆ ئەو ئاوارانەیە كە لە سنووری قەزای مەخموور لەوێ ئاوارە بوونە كە كورد و عەرەبیشیان تێدایە و، ئەو عەرەبانەش كە لەوێ نیشتەجێن، گوندەكانیان لە بەر دەستی داعشدایە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی سوڵتانعەبدوڵلا و دەورووبەری. ژمارەیەكی زۆری ئەو پیاوانەی لەو شوێنانەدا هاتوونەتە مەخموور لە ڕیزی پێشمەرگە لە دژی داعش لە سەنگەردانە و شەهیدیشیان هەبووە".
هەروەها ڕوونی كردەوە: "ئەوان ماڵ و شوێن و مڵكی خۆیان هەیە و یەكەی نیشتەجێبوون لە كەمپ تاپۆ ناكرێت و حكوومەتی هەرێمیش بە هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان بوودجەی تایبەتی بۆ ئاوارەكان داناوە و، سوورەمانگی ئیماراتیش بە سوپاسەوە ئەو كەمپەی دروست كردووە ئەمە جگە لە كەمپێكی نموونە لە بەحركە و چەندین پڕۆژەی ئاو و، دابەشكردنی خۆراك لە دهۆكدا."




