٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"ئاكەپە" بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت 60%ـی كاندیدەكانی دەگۆڕێت

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info- پارتیی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە" لە هەوڵی ئەوەدایە كە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت كۆمەڵێك كەسی نوێی ناو حیزبەكەی بۆ پەرلەمان كاندید بكات، بەڵام هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی كە لە هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیراندا توانییان سەركەوتن بە دەست بهێنن، وەكو خۆیان دەمێننەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەست گەییشتوون، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئاكەپە 60%ـی كاندیدەكانی 7ـی حوزەیران دەگۆڕێت و لە بری ئەوان كەسی دیكە دەهێنێتە پێشەوە، بڕیاریشی داوە ژمارەی كاندیدی ئافرەت لە لیستەكەیدا زیاد بكات.
هەندێك لەو كاندیدانەی لە 7ـی حوزەیراندا كاندید كرابوون و نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن، دووبارە كاندید ناكرێنەوە و كەسی دیكەیان دێتە شوێن، بەڵام ئەوانەی توانییان بچنە پەرلەمانەوە و دەنگی پێویستیان هێنا، ئەوا دووبارە دەبنەوە بە كاندید، كەواتە 292 كاندیدی پەرلەمان دەگۆڕێت و كەسی دیكەیان دەهێنێتە شوێن.
ئەو لیستەی كە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادە كراوە، لە لایەن (ئەحمەد داوودئۆغلو) و (رەجەب تەییب ئەردۆغان)ـەوە ئامادە كراوە، ئەگەرچی ئەندامانی ئەو پارتییە ئاماژە دەدەن كە تەنیا (داوودئۆغلو) و سەركردایەتیی ئەو حیزبە كاندیدەكان دیاری دەكەن و (ئەردۆغان) بە هیچ شێوەیەك دەست وەرناداتە ناو كاروباری حیزب، بەڵام ئەوەی ناوەكان بخوێنێتەوە دەزانێت كە هەندێك لەو ناوانە كەسی نزیكی (ئەردۆغان)ـن، بۆ نموونە زاواكەی خۆی بە ناوی (بەرات) كاندیدی ئاكەپە دەبێت و چەند كەسێكی دیكەیش كە پێشتر (ئەردۆغان) بۆ خۆی كاندیدی كردبوون.
ئاكەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە مەبەستیەتی بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت و 276 كورسیی پەرلەمانی بە دەست بهێنێت، بۆ ئەمەیشیان بە بەرنامەیەكی تازەوە دێتە ناو هەڵبژاردنەوە. ئەوان بەنیازن لە شارە كوردییەكان كاندیدی بەهێزتر هەڵبژێرن، چونكە لە هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیراندا نەیانتوانی لە شارە كوردییەكان سەركەوتن بە دەست بهێنن. بۆ نموونە لە شاری (شانلی ئورفا) ئاكەپە (ئیبراهیم تاتلیساس)ـی كاندید كردووە، چونكە دەزانێت خەڵكی ئەو شارە زۆریان خۆش دەوێت. هەروەها لە شارەكانی دیكەی توركیایش بە هەمان شێوە كاندیدی كوردی بەهێزی دیاری كردووە.
بەر لە هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیران، ئەندامێكی ئاكەپە كاندید نەكرابوو بۆ پەرلەمان، بۆیە خۆی كوشت، هەر لەبەر ئەوەیشە ئاكەپە دەیەوێت دڵی ئەو ئەندامانە لە خۆی رازی بكات كە پێشتر لە حیزب نیگەرانن و قورسایی جەماوەرییشیان زۆرە.
كارزان گلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار