سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر داعشدا، رێگەچارەی سیاسیی گەرەكە

ئەمەریكا-KDP.info- نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، لە چاوپێكەوتنێكدا باسی سەركەوتنی گەورەی سەربازیی كردووە لە عێراق و سووریا لە ماوەی ڕابردوودا، بەڵام چارەسەری سیاسییشی بە كلیلی سەركەوتنی یەكجاری زانیوە.
بە گوێرەی راپۆرتێكی دەنگیئەمەریكا، (جۆن ئالن) نێردەی تایبەتی ئەمەریكا لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ (ئەیبیسی) گوتی، لە پارەوە تاوەكو ئێستا سەركەوتنی گەورە و كاری نموونەیی كراوە لە شەڕی داعشدا، بەڵام سەركەوتنی سەربازی بە تەنیا چارەسەری دۆخی عێراق و سووریا ناكات و، بە بێ رێگەچارەسەری سیاسی سەركەوتن بە دەست نایەت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی سەركردایەتیی ئێستای عێراق و (ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی) مەرجەعی شیعەكانی كردووە كە هیوا و ئومێدیان تێدا دیارە بۆ دواڕۆژی سیاسیی عێراق، كە پێشتر لە دەسەڵاتدارانی پێشووی بەغدا ئەو هیوایەی نەبینیوە.
(ئالن) گوتیشی، لە ساڵی ڕابردووەوە هاوپەیمانان توانیویانە بەر لە بەلێشاوڕاكێشانی خەڵكی بۆ ناو داعش بگرن و، تەگەرە بخەنە بەردەم سەرچاوە داراییەكانیان و، لەگەڵ دۆخە مرۆییەكەیشدا مامەڵە و هاوكاری بكەن.
بۆ دۆخی سووریایش بە تایبەتی باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە سووریا گوتی، ئەوە بە تەنیا داعش نییە كە قەیرانی مرۆیی لە سووریادا خوڵقاندووە، بەڵكە حكوومەتی (بەشار ئەسەد)ـە كە بەرمیلە بۆمب و، بومبی كیمیاوی بەسەر خەڵكیدا دەبارێنێت و، خەڵكی سووریا ناچار دەكات شارەكانیان چۆڵ بكەن و دەربەدەر ببن.
هەروەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەكانیان، حەفتەی ڕابرد گوتەبێژی كوشكی سپی ڕایگەیاند، داعش (٣٠%)ـی ئەو ناوچانەیان لە عێراقدا لە دەست داوە كە شوێنی ژیان بوون و ئاوەدان بوون، هەروەها لە باكووری سووریایش نزیكەی (١٧ هەزار) كیلۆمەتری چوارگۆشەییان لە دەست داوە.
و: خالید ئەحمەد




