خۆشناو: نێچیرڤان بارزانی سەرقاڵی چاكسازیی ریشەییە.. هەنگاوەكانی پەرلەمان لەژێر گوشاردایە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، (نێچیرڤان بارزانی) پڕۆژەیەكی لە بەردەستدایە و سەرقاڵی دیراسە و ئامادەكارین تا چاكسازییەكی ریشەیی لە هەموو بوارەكاندا بكرێت؛ گوتیشی، هەنگاو نراوە تا لە داهاتوویەكی نزیكدا جێبەجێ بكرێ.
پێوەست بە هەنگاوەكانی پەرلەمانیش (خۆشناو) گوتی: "ئەو هەنگاوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ژێر گوشاری ئەو زانیاریانەدا بووە كە ئاگاداری پڕۆژەی چاكسازیی ریشەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، بۆیە ویستیان هاوشانی ئەو پڕۆژەیە وا رابگەیەنرێت كە خاوەنی ڕای خۆیانن، ئەوەیش بە دیتی من لەژێر گوشاردا بووە، ئەگینا پڕۆژەی چاكسازی، پڕۆژەی حكوومەتە و پەرلەمان دەبێت بە بنەمای بگرێ، نەك پەرلەمان پڕۆژەی لەو بابەتەی هەبێت".
سەبارەت بە پڕۆژەكەی فڕاكسیۆنی پارتییش بۆ پێداچوونەوەی مووچە و دادپەروەری لە مووچەدا، (ئومێد خۆشناو) دەڵێت: "زیاتر لە نۆ مانگە پڕۆژەی پێداچوونەوە بە مووچەی پلە تایبەت و باڵاكان و رێكخستن و بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەرێكی ئاسایی و پلە باڵاكانمان پێشكەش كردووە و، خوێندنەوەی یەكەمیشی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ كراوە، هەمیشە وەكو فڕاكسیۆنی پارتی داكۆكیمان لەوە كردووە كە پێمان وایە كەلێنێك لە نێوان هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی ئاسایی و پلە باڵا و تایبەتەكانی ئەو وڵاتەدا دروست بووە، زۆر جار قسەمان لەو بارەیەوە كردووە كە دیوارێك لە نێوان پەرلەمان و هاووڵاتی و فەرمانبەری ئاساییدا هەیە، بۆیە ناكرێت چیدیكە لەو نادادپەروەرییە بێدەنگ بین، هەر لەبەر ئەوەیشە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا كە دوور لە موزایەدەی سیاسی و یەكترشكاندن و دەسكەوتی حزبییە، ئەو پرۆژەیەمان پێشكەش كردووە و سووریشین لەسەری و دەسبەرداری نابین".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی زیاتر گوتی: "یەكەم فڕاكسیۆن كە پێداچوونەوەی مووچە و دادپەروەری لە مووچەدا پێشكەش كرد، فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بوو لە پەرلەمان، ئێستایش پڕۆژەكەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كراوە، تەنیا ئەوەیش ماوە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان داوا لە لیژنە پەیوەندیدارەكان بكات راپۆرتی تایبەت بەو بابەتە ئامادە بكەن و بخرێتە بەرنامەی كارەوە، ئەوەتا دەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوەیە با بێت لەو وەرزەدا هەنگاوی جیددی بۆ بنێت، تا بتوانین چاری ئەو بابەتە بكەین كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندایە".




