هۆكاری گردبوونەوەی ژمارەیەكی كەمی هێزی زێرەڤانی، ئاشكرا بوو

هەولێر-KDP.info- جێگری فەرماندەی هێزی زێرەڤانی ڕایگەیاند، ئەو پێشمەرگە زێرەڤانیانەی ئەمڕۆ لە بەردەم زانكۆی سەڵاحەددین گردبوونەوەیان ئەنجام داوە، ژمارەیان زۆر كەمە و ئەوە نییە كە لە راگەیاندندا بڵاو بووەتەوە؛ ئەو دەڵێت، هۆكار دواكەوتنی مووچە و دەوام نییە، بەڵكە لەبەر ئەوەیە كوڕی فەرماندەی فەوجی پێشوو، دەیەوێت بە شێوەیەكی نایاسایی ببێتە فەرماندەی فەوج.
جێگری فەرماندەی هێزی زێرەڤانی عەمید (سەیدهەژار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "(محەممەد تاهیر) فەرماندەی فەوج بووە و كوڕەكەیشی پلەی ملازمی هەیە، هەڵبەت دەیەوێت لە شوێنی باوكی دابنرێت كە بە هۆی تەمەنەوە خانەنشین كراوە، بەڵام هیچ یاسایەك نییە رێگا بدات ملازمی پلە دوو ببێتە فەرماندەی فەوج، هەر بۆیە لەبەر ئەوەی نەكراوە، ئەمڕۆیش ئەو گردبوونەوەیان ساز داوە، نەك بۆ دواكەوتنی مووچە و دەوامكردن".
عەمید (سەیدهەژار) گوتیشی، ئەو ژمارەیەی لە میدیاكاندا باسی دەكەن كە زیاتر لە ٣٠٠ كەس دەبن، راست نییە و نزیكەی ٢٠ كەس بوون و لەوە زیاتر نەبووە.
ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەوانە سەر بە یەكەی پاسەوانین و ویستوومانە رێكیان بخەین و ئەوانەش ئەمەیان ناوێت و دەیانەوێت بە شێوەیەكی هەڕەمەكی دەوام بكەن، كە ئەمەش ناكرێت و لە ئێستادا فەرماندەی فەوجێكمان بۆ داناون و هیچ كێشەیەكیان نامێنێت".
(سەیدهەژار) راشیگەیاند: "ئەو زێرەڤانیانە مووچەیشیان لەگەڵ یەكەی پاسەوانییە و هەر كاتێك مووچە وەربگرن، ئەوانیش مووچەی خۆیان وەردەگرن، چونكە مووچەی ئەوان بە مانگێك لە دوای ئێمە وەردەگیرێت و ئەمەیش دەمێكە بەو شێوەیەیە و نوێ نییە".
بڵند ئیبراهیم




