٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای بارزانی مووچەی چوار مانگی 4809 منداڵی بێباوك دابەش دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاری لەگەڵ كەسایەتی و سەرمایەدار و دەوڵەمەندانی هەرێمی كوردستان، مووچەی چوار مانگ بەسەر 4809 منداڵی بێباوك لە هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكات.

ئەمڕۆ 14/9/2015 بە بۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ كەسایەتی و دەوڵەمەند و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان، مووچەی 4 مانگی سەرەتای ئەمساڵی منداڵانی بێباوكی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكات، لە شاری هەولێر 1207 منداڵی ئازیز سوودمەند دەبن لەو یارمەتییە، هاوكات لە شاری سلێمانی بە هەمان شێوە 1102 منداڵی ئازیز سوودمەند دەبن، لە شاری دهۆكیش 851  ئازیز و لە پارێزگای كەركووك 852 منداڵ و لە گەرمیان 797 منداڵی بێباوك لە پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان سوودمەند دەبن كە كۆی گشتی منداڵانی سوودمەند لەم هەڵمەتەدا، دەگاتە 4809 ئازیز.

لەو بارەیەوە (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی ئەو كەسایەتی و سەرمایەدار و دەوڵەمەندانەی هەرێمی كوردستان كرد، كە سەرەڕای قەیرانی دارایی كە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە،‌ بەردەوامن لەگەڵ پرۆژەی چاودێریی ئازیزان و یارمەتییەكانیان دەگەیەننە منداڵانی بێباوك.

 هەروەها گوتیشی: "ئێمە ئەمڕۆ دەست دەكەین بە دابەشكردنی مووچەی 4 مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەسەر منداڵانی بێباوك (ئازیز) لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا، كە كۆی گشتیی منداڵانی سوودمەند لەم قۆناخی دابەشكردنە دەگاتە 4809 منداڵی بێباوك (ئازیز)، بە تایبەتی بە بۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، كە ئەم مووچەیە دیارییەكی بەنرخ دەبێت بۆ ئەو منداڵانە تاوەكو پێداویستیی جەژنیان بكڕن و لەگەڵ منداڵانی تردا جەژنەكەیان بەخۆشی بەڕێ بكەن".

ئاماژەیشی دا: "ئومێدەوارین بتوانین بە هاوكاریی زیاتری سەرمایەدار و دەوڵەمەند و كەسایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، كاری زیاتر و خزمەتی زیاتر بە منداڵانی ئازیز لە هەرێمی كوردستان بكەین".

 

هەواڵی پەیوەندیدار