٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەموو شتێك لەباره‌ی كۆنگرەی 5ـی ئاكەپەوه‌

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info- دوێنێ پارتیی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە"، 5ـەمین كۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و لە كۆنگرەكەدا چەندین بڕیاری گرینگ دەركران، لە هەموویشی گرینگتر كە چاوەڕواننەكراو بوو بۆ خەڵك، دەرنەچوونی چەندین سەركردەی باڵای ئەو پارتییە بوو وەكو ئەندامی ناوەندی بڕیاردان.

ئەم كۆنگرەیەی "ئاكەپە" بە ئارامترین كۆنگرە دادەنرێت لە مێژووی ئەو پارتییەدا و، تەنانەت پارچە میوزیكێكیش لێ نەدرا تەنیا گۆرانیی هەڵبژاردن نەبێت. ئەویش لەبەر ئەو شەڕەی توركیا لەگەڵ پەكەكەدا دووچاری بووە و، لەبەر خاتری ئەو پۆلیسانەی كوژراون، كۆنگرەكە بە ئارامی بەڕێوە چوو.
زۆرێك لەو سەركردانەی لە كاتی دامەزراندنی ئاكەپەدا پشكی شێریان بەردەكەوت، لە كۆنگرەدا نەیانتوانی دەربچنەوە و لە دەرەوەی پارتییەكەدا مانەوە. كە ئەو ناوانەیش پێشتر سەركردەی باڵابوون لەناو پارتی و حكوومەتدا.
یەكێك لەو سەركردانەی جێگری سەرۆكوەزیران بوو لە كابینەی (ئەردۆغان) و (ئەحمەد داوودئۆغلو)، (بولەت ئارینج) بوو كە لە كۆنگرەدا وەكو ئەندامی ناوەندی بڕیاردان دەرنەچوو و نیگەرانییەكی زۆریشی پێوە دیار بوو لەناو كۆنگرەدا.
(ئارینج) بەر لە دەستپێكردنی كۆنگرە، لە دیمانەیەكیدا بۆ كەناڵی (هەبەر تورك) ئاماژەی دا، بەداخەوە پێشتر ئاكەپە هەر شتێكی بكردبووایە دەیگوت (ئێمە) كردمان، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەڵێن (من) كردم. ئەم گوتەیەی (ئارینج) زۆرێك لە سەركردەكانی ئاكەپەی تووڕە كرد و، پێیان وابوو نەدەبووایە لەم كاتەدا قسەی وا بكات، بۆیە دەرنەچوونی ئەو چاوەڕوانكراو بوو. جگە لە (ئارینج)ـیش پێشتر (عەبدوڵڵا گویل) ئاماژەی دابوو كە بەشداریی كۆنگرە ناكات، ئەگەرچی یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتییەیش. بە گوێرەی گوتەی (ئارینج)ـیش، بۆیە بەشداری نەكردووە، چونكە ئەو كاتەی وازی لە پۆستی سەرۆككۆمار هێنا، هیچ یەكێك لە سەركردەكانی ئاكەپە پێشوازییان لێ نەكرد و نەیانگوت وەرەوە بۆ ناو ئاكەپە، ئەمە ئەوی تووڕە كردوە و، بەشدارینەكردنی پێ باشتر بوو.
زۆرێك لەو سەركردانەی ئاكەپە كە پێشتر پۆستی وەزیر و گوتەبێژی حكوومەتیان هەبووە، نەیاننتوانی وەكو ئەندامی ناوەند دەربچنەوە. ئەمانەی خوارەوە هەندێك لەو ناوانەن"
(بولەنت ئارینج، بەشیر ئاڵتان، حوسێن چەلیك، تانەر یڵدز، عەلی بابەجان، ئەكرەم ئەردەم، محەممەد شیمشەك، نەجلە هەتەب ئۆغلو، محەممەد ئاكن، یاسین ئاكتای). جگە لەم ناوانە، چەندین سەركردەی دیكەیش چانسی دەرچوونیان نەبووە.
لە كۆنگرەكەدا چەندین میوانی دەرەكی ئامادە بوون، كە لە نێوانیاندا حیزبە كوردستانییەكانی باشووری تێدابوو وەكو (پارتیی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی)، هەروەها چەند میوانێكی دیكەیش لە رۆژئاوا داوەتی كۆنگرە كرابوون، بۆیە كۆنگرەكە بۆ 6 زمان وەرگێڕدرابوو كە لە نێوانیاندا زمانی كوردیشی تێدا بوو.
ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار گۆرانیی هەڵبژاردنی ئاكەپە ئاشكرا بوو و، لەو گۆرانییە زیاتر هیچ گۆرانییەكی دیكە لێ نەدرا، ئەویش لەبەر ئەو شەڕەی توركیا لەگەڵ پەكەكە دووچاری هاتووە و وەكو رێزێك بۆ خوێنی پۆلیسە كوژراوەكانیان. گۆرانییەكەیش باس لە برایەتی و ئاشتی و خزمەتكردن دەكات.
ئەگەرچی سەرۆككۆماری توركیا و دامەزرێنەری ئاكەپە (رەجەب تەییب ئەردۆغان) ئامادەی كۆنگرەكە نەبوو، بەڵام ئامادەبووانی گۆنگرە وایان هەست دەكرد ئەویان لەناودایە، چونكە لە فیلمێكی دۆكیومێنتاریدا هەموو ئەو وێنانەی (ئەردۆغان)ـیان نماییش كرد كە لە سەردەمی دروستبوونی ئەو پارتییەوە خزمەتی كردووە و وێنەیەكی ئەویش بە گەورەیی لە پاڵ وێنەی (داوودئۆغلو) هەڵواسرابوو.
(داوودئۆغلو) توانی لە كرنگرەكەدا دووبارە ببێتەوە بە سەرۆكی ئاكەپە، كە پێشتریش هەموو لایەك دەیزانی دەبێتەوە بە سەرۆك، چونكە هیچ ركابەرێكی نەبوو. ئەگەرچی هەفتەیەك بەر لە كۆنگرە باس لە چەند ناوێك دەكرا كە دەبنە ركابەری (داوودئۆغلو)، بەڵام وا دەرنەچوو.
كچی گەورەی (ئەردۆغان) بە ناوی (سومەییا ئەردۆغان) لە ریزی پێشەوەی كۆنگرە جێگەی بۆ كرابووەوە و چاوی كامێرا زۆر لەسەر ئەو بوو و هەموو چاوەڕوان بوون گوتەیەك پێشكەش بكات، بەڵام تا كۆتایی كۆنگرە هیچ گوتەیەكی پێشكەش نەكرد، وەلێ ئامادەبووان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بە هاتنی ئەو بۆ كۆنگرەكە.


راپۆرت: كارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار