٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كچه‌ كوردێکی ئێزدی كه‌ هه‌شت مانگ داعش ڕفاندبووی، گه‌لی پۆڵۆنیای ئاگادار كرده‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵۆنیا -KDP.info- له ‌پۆڵۆنیا كچه‌ كوردێكی ئێزدی كه‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵانه‌ و، هه‌شت مانگ داعش ڕفاندبووی، له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆڵۆنیا گه‌لی ئه‌و وڵاته‌ی له‌ تاوانه‌كانی داعش ئاگادار كرد.

بە بەشداری نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، کۆنگرێسی ژنان لە پۆڵۆنیا  دەستبەکار بوو؛ لە کۆنگرەکەدا نووسینگەی نوێنەرایەتی بارودۆخی ژنانی ڕفێنراوی ئێزدی و ئەو کارەساتەی کە بەسەریان هاتووە پیشانی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە درا.
کۆنگرێسی ژنان کە هەموو ساڵێك لە پۆڵۆنیا بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە 2000  ئافرەتی گۆڕەپانی سیاسی و زانستی و کولتوری و چالاکوانی مافەکانی ژنان لە پۆڵۆنیا و لە هەموو جیهان بەشداری تێا دەکەن.

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم بانگهێشتی خاتوو 'سەلوا خەلەف ڕەشۆ'ی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرێسی ژنان، ناوبراو کچێکی کوردی ئێزدی تەمەن 17 ساڵانە و ماوەی هەشت مانگ دیلی تیرۆریستانی داعش بووە.

پێش دەستپێکی کۆنگرێسەکە، بە ئامانجی زیاتر ئاشناکردنی خەڵکی پۆڵۆنیا بەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتووە، نوسینگەی نوێنەرایەتی هەستا بە ڕێکخستنی نزیکەی 10 چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی و دیمانەی تەلەفزیۆنی میدیا پۆڵۆنییەکان لەگەڵ خاتوو سەلوا، تاکو چینێکی زیاتری کۆمەڵگای پۆڵۆنیا ئاگاداری کارەساتەکە بن.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا، خاتوو سەلوا باسی ڕۆژانی پڕ لە تراژیدیا و ئەو هەڵسوکەوتە نامرۆڤانانەی تیرۆریستانی داعشی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە. هەروەها باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن  پیاوانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کراون و کچانی پاکیزەش لە لایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە بردراون و دابەشیان کردوون لە نێوان خۆیاندا.

ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە، زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێم وتارێکی پێشکەش کرد، بە مەبەستی زیاتر ناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزدی و کریستیانەکان هاتووە. نوێنەری حکوومەت لە وتارەکەیدا چەند داوایەکی ئاڕاستەی ئامادەبووان کرد، لەوانە: کۆنگرێسی ژنان داوا لە پەرلەمانی پۆڵۆنیا بکات بۆ ناساندنی کارەساتی ئێزدیەکان وەکو جینۆساید، هەروەها پۆڵۆنیا یارمەتی سەربازیی هێزی پێشمەرگە بدات بۆ ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و لەناوبردنی گڕوپی تیرۆریستی داعش. جگە لەوە زیاد ڕەئووف داوای هاوکاریی کرد بۆ ئازادکردنی کچانی ڕفێنراوی ئێزدی، کە تا ئێستا دیلی تیرۆریستانن، هەروەها یارمەتی ماددی و دەروونی ئەو کچانەش بدەن کە تا ئێستا ڕزگاریان بووە لە دەستی تیرۆریستان. لە کۆتاییدا بارودۆخی ئاوارەکانی دووپات کردەوە، جەختی کردەوە کە ئاوارە و لێقەوماوان لە دۆخێکی نالەبار دان و بەردەوام پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیه.

شایانی باسە، لە کۆنفرانسەکە شوێنێکی تایبەت بە کوردستان دابین کرابوو، کە تیایدا برۆشور و زانیاریی هەمەلایەنە لەبارەی کوردستانەوە پێشكەشی میوانەکان دەکران.

هەواڵی پەیوەندیدار