ههوڵ دهدرێ دۆسێی ئێزدیان بێ بەغدا پێشكەشی دادگای نێودەوڵەتی بكرێت
__2015_09_12_h16m44s45__LB.jpg)
ههولێر-KDP.info-حكوومهتی ههرێمی كوردستان لهههوڵهكانی بهردهوامه بۆ خستنهڕووی دۆسێی كوردانی ئێزدی لهجیهاندا و ههوڵی جیددیش دراوه دۆسێكه لهدهرهوهی چوارچێوهی بهغدا پێشكهشی داگای نێودهوڵهتی بكرێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی كۆمهڵكوژییهكهی شنگال و شههید و بێسهروشوێنكرانی ههزاران كوردی ئێزدی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەكانی خولی نۆیەمی ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنكرانی زۆرەمڵی كرد كە حهفتهی ڕابردوو لە جنێڤ لە سویسرا ساز کرا؛ لهوێدا دۆسیەی ئێزدیان خرایه ڕوو، پێوهست بهم پرسه (دیندار زێباری)، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، بە ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند: "لە وتارەكەماندا كە بەناوی حكوومەتی هەرێمەوە پێشكەشمان كرد، جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە ڕزگاركردنی هەزاران كوردی ئێزدی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە پابەندبوونی هەرێم بە ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە بێسەروشوێنكرانی زۆرەملێ دووپات دەكاتەوە و، ئاماژەشمان بەوە دا گەلی كورد هەمیشە بەدەستی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا، سیاسەتی بێسەروشوێنكرانی زۆرەملێی بەسەردا سەپاوە و، كورد گەورەترین قوربانیی ئەم سیاسەتە بووە؛ بە بەڵگەی بێسەروشوێنكرانی كوردانی فەیلی لە نێوان ساڵانی 1980-1990 و، ئەنفالكردنی هەشتهەزار بارزانی و 182000 كوردی بادینان و گەرمیان، ئەم تاوانانە بە كۆتاییهاتنی ڕژێمی بەعس كۆتایییان نەهات، بەڵكو تا ئێستاش بەردەوامە دوای ئەوەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەکەی داعش بە هەزاران هاووڵاتی كوردی ئێزیدیی بێسەروشوێن كرد كە تا ئێستاش چارەنووسی زۆرێکیان دیار نییە".
ئاشكراشی كرد، ژمارەی ئەو كوردە ئێزیدیانەی كە ڕێكخراوە تیرۆریستییەکەی ڕفاندوونی، 5838 كەسە كە 3192یان ئافرەتن و 2646یان پیاو؛ تاكو ڕێكەوتی 16/8/2015، 2080یان لێ ڕزگار بکراوە، 785 ژن و 302 پیاو و، 483 کچ و 510 کوڕ و پێداویستی ماددی و مەعنەوی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی بۆ دابین كردوون."
هاوكات هەوڵەكانی حكوومەت لەم بارەیەوە لەسەر ئاستی ناوخۆش هەر بەردەوام بووە و، حەفتەی ڕابردوو داواكاری پێشووی گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لویس مۆرینۆ ئۆكامبۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و، لە پەرستگای لالش چەندین خاڵی گرنگی لەبارەی بەنێودەوڵەتیكردنی ئەم كەیسە و ناساندی بە جینۆساید ڕوون كردەوە.
ئۆكامبۆ وای ئاماژەی دا: "بەجینۆسایدناساندنی ئەم كەیسە چەندین پرسی گرنگ بۆ كوردی ئێزدی مسۆگەر دەكات كە گرنگترینیان هاتنەدیی عەدالەتە؛ پاشان ئارامی و پاراستنی ئەوان و، زامنكردنی دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە لە دژی ئەوان؛ ئەمە جگە لە قەرەبۆكردنەوەیان لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە".
دووپاتیشی كردەوە، "كار بۆ ئەوە دەكرێت كە لە دەرەوەی چوارچێوەی بەغدا ئەم كەیسە پێشكەشی دادگای نێودەوڵەتی بكرێت، چونكە عێراق هێشتیایش لەم دادگایەدا ئەندام نییە و، ئەوەی خستە ڕوو کە لە مانگی نۆڤەمبەر/ تشرینی یەكەمی ئەمساڵ 123 دەوڵەتی ئەندام لە لیژنی جینۆساید كۆ دەبنەوە." کە بەدەرفەتێكی باشی دانا بۆ ئێزدیان و بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەشكردنی كەیسی ئێزدیان بە دادگای نێودەوڵەتی.
هاوكات لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی چۆنیەتیی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم ڕووداوە و سزادانی تاوانبارانیەوە، ڕوونی كردەوە: "گرنگترین شت لەمبارەیەوە سەلماندنی بەجینۆسایدبوونە بە پێشكەشەكردنی بەڵگەی پێویست".
ئەگەرچی نەیشاردەوە لە مەسەلەی میلیشیا وگرووپی تیرۆریستیدا ئەم پرسە ئاڵۆزە و ئاسان نییە بە تایبەتی لەبارەی دەستگیركردنی كەسانی داواكراو و تاوانبار لەم كەیسانەدا و، نموونەشی بە چەندین بەرپرسی وڵاتان هێنایەوە كە لەبارەی تاوانی گەورەوە داوا كرابوون؛ یەكێك لەوان معەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا بوو. بۆیە بە پێویستی زانی بەر لە هەموو شتێك قەرەبووی قوربانیان بكرێتەوە و كار لەسەر بەجیهانی ناساندنی ئەم كەیسە بكرێت بەوەی كە بە جینۆساید پێناسە بكرێت وئێزدیان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئارامی و سەقامگیریان بۆ دووپات بكرێتەوە.
وەك ئۆكامبۆ ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پرسی پێشكەشكردنی ئەم كەیسە بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەبێ بەغدا پێشكەش دەكرێت و عێراق ئەندام نییە لەم دادگایەدا، ڕەنگە كارەكە وا ئاسان نەبێت.
لەمبارەیەوە پەری ئیبراهیم، دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی كارگێڕی دەزگای ئێزدییە كە دامەزراوەیەكە بۆ بەرگریكردن لە مافی كوردانی ئێزدی و بەجینۆسایدكردنی كەیسی کۆمەڵکوژیی كوردانی ئێزدی، لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند، "لەو سەردانەی داواكاری گشتی پێشووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كە لەسەر دەستپێشخەری دەزگاكەیان بوو باس لە دۆزینەوەی شێوازێكی یاسایی دەكرێت بۆ پێشكەشكردنی كەیسی كوردانی ئێزدی بەتایبەتی ئەگەر ئەندامێك یان چەند ئەندامێكی ئەم دادگایە داواكە پێشكەشی دادگا بكەن و دوای ئەوەی جینۆسایدبوون بەشێوەیەكی یاسایی دەسەلمێندرێت ئەوكاتە كاری دیكەی لەسەر دەكرێت".
ئاماژەی بەوەش دا کە "بەڵگەكان زۆرن و تاوانەكە بە شێوەیەكی وا دڕندانە و نامرۆڤانە کراوە كە لە چەندین لایەنەوە دەتواندرێ بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانەكانی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و هەموو ڕێكارە یاساییەكانی بۆ بگیرێتە بەر".




