٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: تاقمێک له‌و كوردستانەدا هەنە دەیانەوێ ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد لەبار ببەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- (عەلی عەونی) دەڵێت، گروپێك هەیە كە بڕوایان وایە كە ئەگەر دیموكراسیەت لە حكوومەتی ناوەندی هەبێت تەواوە و بەسە و هەوڵەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ماف و دەست كەوتەكانی گەلی كورده‌. ئامانجیشیان گەڕاندنەوەی كوردە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و گەڕانەوە بۆ پێش ڕاپەرینی ساڵی 1991.

(شوان داودی) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌پشكی یه‌كێتی، لە میدیاكانەوە ڕایگەیاندووە كە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم پۆستێكی زیادەیە و حكوومەت و پەرلەمان هەیە و دەتوانن ئەركەكان ڕاپەڕێنن و هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە و بەشێكە لە عێراق، بۆیە پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادەیە.
پێوەست بەم وتانە (عەلی عەونی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گروپێك لە كوردستاندا هەنە پێیان خۆشە ژێردەستەی عەرەب و تورك و فارس بین نەوەك سەرۆك بارزانی سەربەخۆیی بۆ گەلی كورد بەدەست بێنێت."
دەیشڵێ: "ئەم قسانە تەنها قسەی (شوان داودی) نییە و وەختی خۆی (ئاریز عەبدووڵا)ـیش كردوویەتی، بیرۆكەكە لەم وتانەدا ئەوەیە كە هەموو دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق. ئەم كەسانەی ئەم جۆرە هەوڵانە دەدەن گروپێكن كە بڕوایان ئەگەر دێموكراسییەت لە حكوومەتی ناوەندی هەبێت تەواوەو بەسە و كێشەی ترمان نییە.
ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی ئاشكراشیكرد كە "ئەم تاقمە كەسە ماوەیەکی دی دەڵین ئێمە لە هەرێم دەستورمان بۆ چییە؟ خۆ ئەوەتا دەستووری عێراق هەیە! دوایی وەڵا پەرلەمانی هەرێم شتێكی زیادەیە ئەوتا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەەیە و نوێنەریشمان تێدا هەیە! دوای حكوومەتی هەرێممان بۆ چییە ئەوەتا حكوومەتی عێراق حكوومەتی هەموومانە و ئەوەتا سەركۆمار كوردە و فڵانە وەزیر كوردە و جێگری فڵان كوردە! ئەم كەسانە هەوڵەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كورده‌."
ئاماژەیشی دا كە: "ئەم گروپە وتەكانیان زۆر نەشیاوە و هەڵەیەكی گەورەیە و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو شتانەیە كە كورد تا ئیستا بەدەستی هێناوەو ئامانج لێی گەڕاندنەوەی كوردە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و گەڕانەوە بۆ پێش ڕاپەرینەکەی ساڵی 1991."
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار