٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سبەینێ لە توركیا پارتییەكی تازە دادەمەزرێت

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info- دوای كودەتاكەی ساڵی 1982ـی توركیا، چەند پارتییەكی سیاسی قەدەخە كران، كە یەكێك لەو پارتیانە پارتیی دیموكرات بوو، ئەگەرچی لە ساڵی 1995ـدا دووبارە گیانیان بە بەر ئەو پارتییەدا كردەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بەشداریی هیچ هەڵبژاردنێكی نەكردووە. ئێستایش هەمان پارتی بەڵام بە ناوی پارتیی دادەوە، دێتەوە مەیدانی سیاسەت و بەشداریی هەڵبژاردن دەكات.

رۆژی 17ـی ئەیلوول، 54 ساڵ بەسەر لەداردانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا (عەدنان مودەڕیس)ـدا تێدەپەڕێت، بۆیە سەركردایەتیی ئەو پارتییە بڕیاریان داوە لە 17ـی ئەیلوولدا كردنەوەی پارتییەكی تازە بە ناوی پارتیی دادەوە پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆی توركیا  بكەن بۆ ئەوەی بڕیاری كردنەوەی لەسەر بدات، ئەمەیش وەكو رێزێك بۆ (مودەڕیس).
(وەجدەت ئۆز) سەرۆكی پارتیی داد ئاماژە دەدات كە، ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ پارتیی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە"ـدا نابێت و بە هیچ شێوەیەكیش كاریگەریی خراپیان لەسەر ئەوان نابێت، بەڵكە هەر دوو پارتی بە شێوەی خۆیان سیاسەت دەكەن.
ئاڕمی پارتیی داد (كتێبێك و رۆژێكە) ئەمەیش بە مانای ئەوەی زانست هەمیشە ژیان دەگەشێنێتەوە و، بڕیاریان داوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی توركیا بەشداری بكەن، بەڵام نازانرێت ئاخۆ وەكو پارتی بەشداری دەكەن، یان بە بێلایەن.
سبەینێ لە یەكێك لە هۆڵەكانی ئیستانبووڵ، ئاهەنگێكی گەورە ئەنجام دەدەن بۆ كردنەوەی پارتییەكەیان و لەسەر لافیتەیەكی گەورەیش نووسیویانە (كاتێك باران باری مەڵێ من تەڕ نابم)، كە ئەمەیش گوتەیەكی بەناووبانگی سەرۆككۆماری پێشووی توركیا (سولەیمان دەمیراڵ)ـە.
كارزان گلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار