بڕیارە سبەی كۆبوونەوەیەكی دیكەی پێنجقۆڵی لە هەولێر بەڕێوە بچێت

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە، جارێكی دیكە كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت، ئەندامێكی یاسایی له شاندی دانوستانكاری پارتییش دەڵێت، ئەگەر لایەنەكان زیاتر لە بژاردەیەكیان پێ بێت، ئەگەری ئەوە هەیە بگەنە رێككەوتن.
ئەندامی یاسایی له شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان (فرسەت سۆفی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەگەر سبەی لایەنەكان هەر یەكەیان زیاتر لە بژاردەیەكی پێ بێت بۆ چارەكردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دەگەنە رێككەوتن، بەڵام ئەگەر هیچ بژاردەی دیكەیان پێ نەبێت و سوور بن لەسەر هەڵوێستی خۆیان، ئەستەمە بگەنە رێككەوتن و ئەمە نابێتە سازان".
(فرسەت سۆفی) گوتیشی: "ئێمە كێشەی یاساییمان هەیە و بۆشایی یاساییمان نییە، بۆیە پێویستە ئەو پرسە چارە بكەین یاخود هەڵبژاردن بكەین، ناكرێت دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت بۆ ئەوەی چوارچێوەیەكی یاسایی لە پەرلەمان بۆ دروست بكەین، هەر چەندە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەو پرسە چارە دەبێت، كارەكان بەپێی فیقهی دەستوور و بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا بەڕێوە دەبات".
بڕیار بوو هەفتەی رابرد كۆبوونەوەی یپێنجقۆڵی بەڕێوە بچێت، بەڵام لەسەر داوای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بە رەزامەندی لایەنەكانی دیكە، بۆ سبەینێ یەكشەممە دوا خرا.
بەپێی زانیارییەكانیش، بڕیارە سبەی سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵڵا) لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی ئەنجام بدرێت.
بڵند ئیبراهیم




