بزانه بۆچی ئەمەریکا و ناتۆ هۆشدارییان دایه رووسیا

سوریا-KDP.info-بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (جەزیرەی ئینگلیزی) لەسەر زیادکردنی دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا، ئەمەریکا و ناتۆ هۆشدارییان داوەتە ڕووسیا.
ئەمەریکا و ناتۆ بە بایەخەوە تێڕوانین و بەدواداچوون بۆ ئەو ڕاپۆرتانە و زانیارییە هەواڵگریانە دەکەن کە گوایە ڕووسیا کەلوپەلی سەربازی زیاتر دەخاتە ناو کێشەکانی سووریاوە.
(جێن ستۆڵتێنبێرگ) سەرۆکی ناتۆ گوتی ئەگەر ئەو ڕاپۆرتانە ڕاست بن کە زیادبوونی وجودی سەربازی ڕووسیا لە سووریا باس دەکەن ئەوا هیچ خزمەت بە چارهکردنی شەڕەکە ناکات، بەڵکو ئاڵۆز و گەورەتری دەکات.
(جۆن کێری) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش بە تەلەفۆن نیگەرانییەکانی چەند بارە کردووەتەوە لەگەڵ (سێرگئی لاڤرۆڤ)ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکان و زیادبوونی فشارە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ پشتیوانی ئەسەد.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئاژانسی فرانس پرێس لە چەند بەرپرسێکی ئەمەریکاییەوە ئەوەی زانیوە کە دوو کەشتیی تانکهەڵگری ڕووسیا گەیشتونەتە بەندەری تارتوس و، نزیکەی (١٢) سەربازبەریشی ناردۆتە فڕۆکەخانەی (باسل ئەسەد) کە ئێستا ئەوانیش گەیشتوون.
هەر لەو بارەیەوە بەپێی ڕاپۆرتێکی (بیبیسی نیوز) وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە هاوتا ئەمەریکاییەکەی ڕاگەیاندووە کە ئەوانە شتی نوێ نین، چونکە پێشتر ڕووسیا بەکراوەیی پشتیوانی تەکنیکی سەربازی سووریای کردوە و، لەمێژە شارەزای بواری سەربازیی لە سووریادا هەیە.
گوتیشی، ئێمە هیچ شتێکی نهێنیمان لەو ڕووەوە نییە کە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سووریادا دەکەین لە ڕووی تەکنیکی سەربازییەوە.
شیاوی گوتنە، لەو دواییەدا گرژییەکانی وڵاتانی دنیا بە تایبەتی ئەمەریکا و ناتۆ لەگەڵ ڕووسیا ڕوو لە زیادبوونە؛ لەبەر زیادبوونی دەستێوەردانەکانی ڕووسیا و پشتگیرییەکەی بۆ حکوومەتی بەشار ئەسەد.
و: خالید ئەحمەد




