"پۆستی قایمقامی هەڵەبجە مافی پارتییە.. پێشنیازەكەی یەكێتی و گۆڕان چارەسەر نییە"

سلێمانی-KDP.info- پێشنیازی ئەوە كراوە لەبری پێدانی پۆستی قایمقامی هەڵەبجە بە پارتیی دیموكراتی كوردستان، پۆستێكی پارێزگای سلێمانی لە پشكی پارتی كەم بكرێتەوە، ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتییش دەڵێت، پێویستە ئەم پێشنیازە دیراسە بكرێت، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە.
(زیاد كاكەڕەزا) ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەبارەت بەو پێشنیازەی كراوە، پێویستە كۆبوونەوە بكەین و دیراسەی بكەین، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە، چونكە بۆ دەبێت لە سلێمانی پۆستێكمان كەم بكرێتەوە و لە هەڵەبجە پۆستێكی دیكەمان پێ بدرێت، بۆ نموونە لیستی خزمەت بە چوار كورسی ١٧پۆستیان هەیە و تەنیا لە هەڵەبجە سێ پۆستی سیادییان هەیە، بەڵام بۆ پارتی بە سێ كورسی پۆستێكی پێ نەدرێت؟".
(كاكەڕەزا) گوتیشی: "پۆستی قایمقامی هەڵەبجە مافی ئێمەیە و داوایشمان كردووە كە ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت، لە ئێستایشدا كە داوای كەمكردنەوەی پۆستێكی سلێمانی لە پشكی ئێمە دەكەن، رەنگە داوای پۆستی قایمقام بكەن كە بەر ئێمە كەوتووە، بۆیە رێككەوتن زەحمەتە".
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكار ڕوونیشی كردەوە: "پۆستەكانی ئێمە جێگری پارێزگار، بەڕێوەبەرێكی گشتی و قایمقامێك و چوار بەڕێوەبەری ناحیەیە، بەڵام لیستی هاوپەیمانی یەك كورسییان هەیە و قایمقامێك و بەڕێوەبەرێكی ناحیەیان هەیە، یەكێتی و گۆڕانیش باس لەوە دەكەن پارتی پۆستی زیادی وەرگرتووە، ئێمە لە چی زیادمان وەرگرتووە و ئەوان لەسەر چ بنەمایەك پۆستەكانیان دابەش كردووە؟ بۆیە ئەمە چارەسەر نییە كە ئەوان باسی دەكەن".
بڵند ئیبراهیم




