٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

توركیا چاوەڕوان بوو.. بۆچی ئۆجەلان پەیامی ئاشتیی بڵاو نەكردەوە؟

سەرچاوە: KDP.info

توركیا-KDP.info-  توركیا چاوەڕوان بوو لە رۆژی ئاشتیی جیهانی دا كە دەكاتە 1ـی ئەیلوول، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) پەیامێكی ئاشتی بڵاو بكاتەوە و داوا لە قەندیل بكات شەڕ رابگرن، بەڵام پەیامەكە بڵاو نەكرایەوە، بۆیە ئێستا رۆژنامەنووسان و خەڵك بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەوەن كە بۆچی ئەو پەیامە بڵاو نەكرایەوە.

رۆژنامەنووسی بەناووبانگی توركیا و بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەی "حورییەت" لە ئانكارا (دەنیز زەیرەك) لە دیمانەیەكیدا بۆ "سی ئێن ئێن" وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و پێی وابوو، (ئۆجەلان) وەكو جاران گوێی لێ ناگیرێت.
(دەنیز زەیرەك) لە بارەی ئەوەی بۆچی (ئۆجەلان) ئەو پەیامەی لە 1ـی ئەیلوولی بڵاو نەكردەوە، دەڵێت: "ئێستا (ئۆجەلان) وەكو جاران قورسایی نییە بەسەر قەندیلەوە و ئەوان گوێی پێ نادەن، بۆیە ئێستا هەموو هەوڵێكی (ئۆجەلان) گەڕانەوەی ئەو هەژموونەیە بەسەر قەندیلدا، چونكە ماوەیەكی زۆرە ئەوان گوێ بە گوتە و بڕیارەكانی (ئۆجەلان) نادەن و ئەمەیش ئەوی نیگەران كردووە".
بە گوێرەی گوتەی (دەنیز)، لیژنەیەك كە لە دەوڵەت پێك هاتبوو سەردانی ئیمیڕالییان كردووە و لەوێ (ئۆجەلان) پێیانی گوتووە كە "ئەگەر بە قەندیلیش بڵێم راوەستن و شەڕ رابگرن، رایناگرن، بۆیە وەكو سەرۆكێك لە كەسایەتیی خۆم كەم ناكەمەوە و چاوەڕوانی پەیامێكی لەو شێوەیەیشم لێ مەكەن".
بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەی "حورییەت" لە ئەنكارا، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوەیش كرد كە، ئێستا (ئۆجەلان) هەوڵی جیددی دەدات بۆ ئەوەی هێز و قورسایی خۆی بەسەر قەندیلدا بسەپێنێت و وەكو جاری جاران لە گوتەی ئەو دەرنەچن، كە ئێستا پشتیان تێ كردووە.
كارزان گلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار