هەدەپە رێگەی مردنی هەڵبژاردووە بۆ چوونەناو جەزیرەوە

جەزیرە-KDP.info- لە دوێنێوە هاوسەرۆكی هەدەپە، 30 پەرلەمانتاری سەر بەو پارتییە و چەندین شارەوانی سەر بە هەدەپە، لە رێگەدان بۆ ئەوەی بە پێ بچنە ناو (جەزیرە)ـەوە، بەڵام پۆلیسی تورك رێگەی لێ گرتن و نەیهێشت بچنە ناو ئەو شارۆچكەیەوە. ئەمەیش هەدەپەی تووڕە كردووە و داوا لە رای گشتیی توركیا دەكەن بێنە دەنگ و نەهێڵن خەڵكی (جەزیرە) ژیانیان لە مەترسیدا بێت.
دوای ئەوەی حكوومەتی توركیا كە "ماوەی 10 رۆژ دەبێت" بڕیاری قەدەخەكردنی هاتوچۆی لە (جەزیرە) دا و ئێستایش بەردەوامیی هەیە، خەڵكی ئەو ناوچەیە لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین و لە هەموو خزمەتگوزارییەكی وەكو كارەبا و ئاو و ئینتەرنێت بێبەشن، ئەمە جگە لەوەی خەڵكێكی زۆری سڤیلیش بوونەتە قوربانیی دەستی شەڕی كۆڵان بە كۆڵان.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەوێوە دەست كەوتوون، چەندین لاشەی خەڵكی سڤیل لەسەر شۆستەكاندا كەوتوون و حكوومەت ناهێڵێت بیاننێژن. هەروەها نەخۆشخانەكانی (جەزیرە)ـیش بە هیچ شێوەیەك نەخۆش وەرناگرن و بۆیان نییە چارەسەری هیچ نەخۆشێك بكەن.

دوێنی هاوسەرۆكی هەدەپە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) بڕیاری دا كە بە پیادە لە دیاربەكرەوە بچن بۆ (جەزیرە)، بەڵام هەر لە سەرەتاوە پۆلیسی توركیا رێگەی نەدا بچنە ناو ئەو شارۆچكەیەوە، وەلێ (دەمیرتاش) كۆڵی نەدا و بە پیادە لە دوێنێ شەوەوە لە رێگەدان.
جگە لە (دەمیرتاش) 40 پەرلەمانتاری سەر بە هەدەپە و هەردوو وەزیری یەكێتیی ئەوروپا و گەشەپێدان كە ئەوانیش هەر سەر بە هەدەپەن، لە دوێنێوە بە پیادە خەریكی چوونەناو (جەزیرە)ـن، بەڵام پۆلیس بووە بەربەست لە بەردەمیان و دەمەقاڵەیەكی زۆر توندیش دروست بوو كە لە ئەنجامدا نەیانهێشت هەدەپە لە رۆییشتن بەردەوام بێت.
هەدەپە بەیاننامەیەكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە كە، ئەوان رێگەی ئەلتەرناتیڤیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بچنە ناو (جەزیرە)ـەوە، بەڵام لەو رێگەیەیشەوە پۆلیس رێگەی لێ گرتوون، بۆیە داوا لە رای گشتیی توركیا دەكەن بێنە دەنگ و ئەوانیش بپرسن كە خەڵكی (جەزیرە) لە چ ژیانێكدا دەژین.
كارزان گلی





