٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیندار زێباری: گەلی كوردستان گەورەترین قوربانیی تاوانی بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ بووە

سەرچاوە: KDP.info

ژنێڤ-KDP.info- جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، گەلی كورد بە درێژایی مێژوو لەسەر دەستی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق رووبەڕووی گەورەترین و مەترسیدارترین هێرشی كۆمەڵكوژی بووەتەوە. دەشڵێت، دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش بە هەزاران هاووڵاتیی كوردی ئێزدییان بێسەروشوێن كرد، تا ئێستایش چارەنووسی زۆریان دیار نییە.

لە میانەی كۆبوونەوەكانی خولی نۆیەمی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ كە لە "ژنێڤ" ساز  دەكرێ، (د. دیندار زێباری) جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، رزگاركردنی هەزاران كوردی ئێزدی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، بە نیشانەی پابەندبوونی هەرێم بە رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ دانا.
لە كۆبوونەوەكەدا (د. دیندار زێباری) جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە گوتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەش كرد و، تێیدا تیشكی خستە سەر ئەو نەهامەتیانەی كە رووبەڕووی گەلی كورد بوونەتەوە و گوتی: "گەلی كورد بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی گەورەترین و مەترسیدارترین هێرشی كۆمەڵكوژی بووەتەوە لەسەر دەستی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق تا رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، یەكێك لەو تاوانانەی كە دژ بە كورد پێڕۆ كرا، بریتی بوو لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ و تێیدا بە هەزاران كەس لە عێراق بوونە قوربانی كە بەشی هەرەزۆریان لە كوردستان بوون.
لە درێژەی گوتارەكەیدا، سەرۆكی شاندی كوردستان رایگەیاند: "بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە كە گەلی كوردستان بە گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانییەوە گەورەترین قوربانیی تاوانی بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ بووە بە درێژایی مێژووی عێراق، ئەمەیش خۆی لە بێسەروشوێنكردنی كوردە فەیلییەكان لە نێوان ساڵانی 1980-1990و پرۆسەی بەدناوی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی و 182000 كوردی بادینان و گەرمیاندا دەبینێتەوە، ئەم تاوانانە دژ بە گەلی كوردستان بە كۆتاییهاتنی رژێمی بەعس كۆتاییان نەهات، بەڵكە تا ئێستایش بەردەوامە دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش بە هەزاران هاووڵاتیی كوردی ئێزدییان بێسەروشوێن كرد كە تا ئێستایش چارەنووسی زۆریان دیار نییە.
سەرۆكی شاندی كوردستان ئەوەشی روون كردەوە كە، "بە هۆی گەورەیی ئەم تاوانە كە دەرهەق بە كورد ئەنجام دراوە ئێمە زیاتر هەست بە دڕندەیی و گەورەیی ئەم تاوانە دەكەین كە ئاسەوارەكانی بەسەر كەسوكاری قوربانیانییەكانەوە دیارە و بۆ چەند ساڵی دیكەیش بەردەوام دەبێت، چونكە تا ئێستایش چارەنووسی دەیان هەزار كەس نادیارە، بۆیە پێویستی بە چارەسەر  و كاركردنی بەردەوام هەیە بۆ مسۆگەركردنی دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانە لە داهاتوودا".
جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە بە گشت ئەو رێككەوتننامانەی كە لەم بارەیەوە دەرچوون، هەروەها داوای لە نەتەوەیەكگرتووەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە هەوڵی تۆماركردنی ئەم تاوانە بدەن و لەم بارەیەوە گوتی: "دیارە تا ئێستا ئەو تاوانانەی كە دەرهەق بە گەلی كورد ئەنجام دراون، وەكو پێویست تۆمار نەكراون لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، لە كاتێكدا ئەمە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی مافی كەسوكاری قوربانیان پارێزراو بێت، ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی چەندین جار داوامان لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە كە پێویستە ئەو تاوانانە بە دۆكیومێنت بكرێن، لەوانەیش تاوانی بێسەروشوێنكردن كە ئاسەوارەكانی تا ئێستایش بەردەوامن، هیوادارم لەو بارەیەوە بە رۆڵی خۆی هەستێت و شاندی تایبەتی خۆی بۆ ئەم مەبەستە بنێرێتە كوردستان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو تاوانانە بن و چاویان بە كەسوكاری قوربانیانی گشت ئەو تاوانانە بكەوێت كە لە سەدەی رابردوودا لەسەر دەستی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق روویان داوە تا دەگاتە تاوانی بێسەروشوێنكردنی كوردانی ئێزدی لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش".
لەلایەكی دیكەوە، لیژنەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ، چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی چەند تۆمەتێك كرد كە ئاڕاستەی هەرێم كراون و پەیوەندییان بە بێسەروشوێنكردنی زۆرملێوە هەیە، لەوانە رەفتاری  هەندێك لە چەنكدارەكانی سەر بە كەمایەتییەكان و زیندانی نهێنی، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی پرسیارانەكانی دایەوە و راستییەكانی بۆ لیژنەكە روون كردەوە.
لەبارەی هەبوونی میلیشیای سەربازییش لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئاماژەی دا: "هەموو یەكە سەربازییەكان و هێزەكانی بەرگری لە كوردستان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن كە ئەم وەزارەتەیش بەپێی یاسا دامەزراوە لە یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 لە ڕێگەی هەڵبژاردنێكی دیموكراسییەوە. گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە رێزەكانی پێشمەرگەدا هەن و هیچ جۆرە جیاوازییەكیش لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە و نەژاد لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەدا بوونی نییە و بە هیچ شێوەیەك رێگای پێ نادرێ. ئەركەكانی پێشمەرگە ئێستا بریتین لە بەرگریكردن و پاراستنی هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ هێزەكانی عێراق دژ بە هەر چالاكییەكی تیرۆریستان".
"بوونی هێزی پێشمەرگە بە شێویەكی یاساییە بەپێی بڕگەی (5) لە ماددەی (121)ـی دەستوری عێراقی فیدڕاڵی ساڵی 2005 كە ئەركەكەی بریتییە لە پاراستن و بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان، لەم بڕگە دەستوورییەدا هاتووە: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی درووستكردنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ وەك پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم". (زێباری) وای گوت.
گوتیشی: "ئەوەی لە بارەی بوونی میلیشیای چەكداری ئێزدییشەوە دەگوترێت، دوورە لە راستییەوە، چونكە ئێزدییەكان تەنیا فەوجێكیان هەیە لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگەیە و گشت كار و جووڵانەوەكانی بەپێی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئێستا بەرگری لە خانەوادە ئێزدییەكان دەكات كە پێشتر لە چیای شنگال گەمارۆ درابوون، هەندێكی دیكەیشیان لە سەنتەری شاری شنگال لە شەڕدان دژی داعش و جگە لەم هێزە فەرمییەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئێزدییەكان هیچ هێزێكی دیكەی سەربازییان نییە ئەگەر هەر رووداوێكیش لەلایەن ئێزیدییەكان رووی دابێت، ئەوا بە شێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو نەبووە، بەڵكە رەفتاری تاكەكەسی بووە".
لە وەڵامی پرسیاری تایبەت بە بوونی زیندانی نهێنی لە كوردستاندا، سەرۆكی شاندی هەرێم گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە هیچ زیندان و گرتووخانەیەكی نهێنی نییە و هەر كەسێك دەستگیر بكرێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ و دوای ئەوەی راگیراو حوكمی لە دادگاوە بۆ دەرەدچێت، رەوانەی دامودەستگاكانی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێ بۆ سەپاندنی سزاكەی بەپێی رێوشوێنە كارپێكراوەكان".
سەرۆكی شاندی كوردستان ئەوەیشی روون كردەوە كە، لە هەرێمی كوردستاندا یاسای ژمارە (3)ـی ساڵی 2006 دەرچووە كە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام ئەوانەی كە بە تۆمەتی تیرۆریش دەستگیر دەكرێن رێگا نادرێ كە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا بكرێ و بەپێی یاسای مافیان هەیە، بۆ نموونە لەمانگی 6ـی 2014ـەوە (322) كەس دەستگیر كراون بە ‌تۆمەتی پەیوەندییان بە ‌داعشەوە، لە‌و (322) كەسە (83)ـیان ئازاد كراون و (239) كەس ماونەتەوە و لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و بۆیان هەیە پارێزەر بگرن و كەسوكاریشیان دەیانبینن.
تا ئێستایش بە دەیان رێكخراوی ناوخۆیی و دەرەكی سەردانی گشت بنكەكانی چاكسازی و راگرتن و گواستنەوەیان كردووە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە رەوشی گیراوان.
لە لایەكی دیكەوە، سەرۆكی شاندی كوردستان تیشكی خستە سەر پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ و لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی زۆری داوە و بەردەوامیشە بۆ رزگاركردنی ئەو كوردە ئێزدیانەی كە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە رفێندراون و ژمارەیان 5838 كەسە كە 3192ـیان ئافرەت و 2646ـیان پیاو بوون و تاكو رێككەوتی 16/8/2015 توانراوە 2080ـیان رزگار بكرێن، لەوانە 785 ژن و 302 پیاو و 483 منداڵی مێ و 510 منداڵی نێر و، پێداویستیی ماددی و مەعنەوی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی بۆ دابین كردوون".
شایەنی باسە، كۆبوونەوەكانی خولی نۆیەمی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ، لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان تا رۆژی 18/9/2015 بەردەوام دەبێـت.


 

هەواڵی پەیوەندیدار