دەمیرتاش: توركیا بە قۆناخێكی خراپدا تێدەپەڕێت و شەڕ ژیانی خەڵكی تێك داوە

دیاربەكر-KDP.info- لە كۆنگریەكی رۆژنامەوانیدا كە لە "دیاربەكر" بۆی رێك خرابوو، سەرۆكی پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" (سەلاحەددین دەمیرتاش) باسی لە گۆڕانكارییەكانی ئێستای توركیا كرد و، پێی وابوو كە توركیا بە قۆناخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و شەڕ ژیانی خەڵكی تێك داوە".
(دەمیرتاش) رەخنە لە سەرۆككۆماری توركیا و سەرۆكوەزیران دەگرێت، بەوەی ئەوان هۆكاری هەڵگیرساندنەوەی شەڕن و وەكو "هەدەپە"ـیش بە هیچ شێوەیەك لەو شەڕەدا بەشدار نەبوون.
ئەو گوتی: "هەر رۆژە و گەریلایەك، سەربازێك، پۆلیسێك، هاووڵاتیی سڤیل لە دەست دەدەین، كە ئازاری ئەوان بۆ ئێمە وەكو یەك وایە و، هیچ جیاوازییەك لە نێوانیاندا ناكەین، چونكە هەموویان بە رۆڵەی خۆمان دەزانین. ئێمە وەكو "هەدەپە" بە هیچ شێوەیەك دەستمان لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا نەبووە و بە هەموو شێوەیەكیش دژی وەستاینەوە و دەوەستینەوە، بەڵام سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران شەڕیان هەڵگیرساندووەتەوە."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا باسی لە كورسیی دەسەڵات كرد و ئاماژەی دا كە، "كورسی بۆ هیچ كەسێك نامێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە مرۆڤایەتییە. خودا شایەتە كە باوەش بە منداڵەكانی خۆماندا ناكەین و ماچیان ناكەین، چونكە لەم وڵاتەدا ئەوەندە منداڵ بێباوك ماونەتەوە، بۆیە شەرم لە خۆمان دەكەینەوە كە منداڵی خۆمان ماچ بكەین".
گوتیشی: "هەدەپە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی ناوخۆیی و پێكەوەژیان لە توركیادا هەموو هەوڵێك دەدات و، هەموو هێزێكی خۆی بەكار دەخات. ئێمە بە تەنیا پارتیێكی كوردی نین و پارتیی هەموو توركیاین و بەڵێنمان بە خەڵك داوە كە ببین بەو پارتییەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، خەڵك بە ئومێدەوە لێمان بڕوانێت."
(دەمیرتاش) باس لەو پەلامارانە دەكات كە لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە دەكرێتە سەر بارەگاكانی "هەدەپە" و ئاماژە دەدات، ئەوان بەر لە هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیران كە ئەوكات ئاگربەستیش لە نێوان پەكەكە و دەوڵەتدا هەبوو، 176 جار هێرشیان كراوەتە سەر و دەڵێت، ئەوەی لە 2 رۆژی رابردوویشدا بەرانبەر بە بارەگاكانیان كراوە، هەر ئەو عەقڵییەتە شكستخواردووەیە كە چاوی بە "هەدەپە" هەڵنایەت.
كارزان گلی




