دامەزراوەکانی سنوونێ کەوتوونەتەوە کار.. بەغدا هیچی بۆ نەکردوون

سنوونێ-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ دەڵێت، گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ شارەدێكە بەردەوامە و ژمارەیەك لە خەڵكی ئەو سنوورە گەڕاونەتەوە. گوتیشی، لە رووی ئەمنییەوە ناوچەكە زۆر ئارامە و هێزەكانی پێشمەرگە دەیپارێزن.
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ (نایف سەیدۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گەڕانەوەی هاووڵاتیانی سنوورەكەمان بەردەوامە و، بەپێی دواین ئامار كە لە بەردەستدایە، نزیكەی 3 هەزار خێزان بۆ سەنتەری شارەدێیەكە و كۆمەڵگاكان گەڕاونەتەوە".
(سەیدۆ) گوتیشی: "هەڵبەتە دامودەستگاكان دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن، بوودجەی سنوونێیش لەسەر بەغدایە دابینی بكات، بەڵام تا ئێستا خەرج نەكراوە و هاوكاریی ئێمەیان نەكردووە، تەنیا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكان هاوكاریمان دەكەن، هەروەها پارێزگاری دهۆكیش سەردانی شارەدێیەكەمانی كرد لەگەڵ گشت بەڕێوەبەرە گشتییەكانی بواری خزمەتگوزاری، لەسەر بڕیاری (سەرۆك بارزانی)ـیش راپۆرتی خۆمان ئامادە دەكەین لەبارەی پێویستییەكان و پێشكەشی پارێزگاری دهۆكی دەكەین".
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ ئاماژەیشی دا: "لە رووی ئەمنییەوە سنوورەكەمان زۆر ئارامە و هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكان بە وورەیەكی بەرزەوە ناوچەكە دەپارێزن".
شارەدێی سنوونێ سەر بە شارۆچكەی شنگالە و 25كم لێیەوە دوورە، بەر لە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شارەدێكە، ژمارەی دانیشتووانی سنوونێ نزیكەی 148 هەزار كەس بوو، واتا 24 هەزار خێزان.
نەشوان بەرزنجی




