گه‌وره نووسه‌ری توركیا ئۆرهان پاموك باس له فریشته‌كه‌ی كۆبانی ده‌كات

ئانكارا-KDP.info-نووسه‌ری ناوداری توركیا و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ (ئۆرهان پاموك) له دیمانه‌یه‌كدا باس له فریشته‌ی ده‌ریا (ئایلان) ده‌كات و پێی باش بوه كه وێنه‌كه‌ی له میدیاكاندا بڵاو كرایه‌وه، چونكه ئه‌م وێنه‌یه وای كرد ئه‌وروپا و دنیا دەرباره‌ی ئاواره‌كانه‌وه به خۆیاندا بچنه‌وه. هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی توند له توركیا ده‌گرێت به‌وه‌ی به باشه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئاواره‌كاندا نه‌كردووه.
له دیمانه‌یه‌كدا بۆ ئاژانسی (دۆغان) خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ (ئۆرهان پاموك) باس له بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی (ئایلان) ده‌كات و ده‌ڵێت: "کارەساتەکە له هه‌ر شوێنێكدا قەومابێت گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ئاگا هێنایه‌وه و، ڕێگه‌ی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به مرۆڤایه‌تی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت. من هه‌ڵوێستی ئاواره‌كان به ڕاست ده‌زانم له باره‌ی كۆچكردنیانه‌وه، چونكه 2 ملیۆن ئاواره‌ی سووری و عێراقی له توركیادا بوونیان هه‌یه، به‌ڵام توركیا مامه‌ڵه‌یه‌كی باشیان له‌گه‌ڵدا ناكات، بۆیه ئه‌وانیش به‌جێی ده‌هێڵن".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پێت باش بووه وێنه‌ی (ئایلان) بڵاو بكرێته‌وه؟ ده‌ڵێت: "به بۆچوونی من بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی (ئایلان) شتێكی زۆر باش بوو و، دنیا هه‌مووی چاوی كرایه‌وه، واته گرنگ نییه وێنه‌كه شوێنی كوێیه و، گرنگ ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه له هه‌موو شوێنێك به ئاگا هاته‌وه. له ڕووی سیاسییشه‌وه ڕێگه‌یه‌كی تازه‌ی كردوه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر په‌نابه‌ران. من ناڵێم به ته‌نیا ئه‌و وێنه‌یه بووه هۆی ئه‌وه‌ی دنیا به چاوێكی دیكه ته‌ماشای ئاواره‌كان بكات، به‌ڵام وێنه‌كه گرنگییه‌ك و پاڵپشتییه‌كی گه‌وره بوو. ئه‌گه‌ر ئازاری ئاواره‌كان له وێنه‌دا نماییش نه‌كرێت، كه‌س گوێ به خه‌مه‌كانیان نادات".
(پاموك) ڕه‌خنه له حكوومه‌تی توركیا ده‌گرێت به‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی باش نییه له‌گه‌ڵ ئاواره‌كانی سووریا و ده‌ڵێت ئاواره‌كان له توركیا مافیان نادرێتێ. ئه‌و پێی وایه حكوومه‌تی توركیا مامه‌ڵه‌یه‌كی باش له‌گه‌ڵ ئاواره‌كاندا ناكات.
هه‌روه‌ها خه‌ڵكی توركیش مامه‌ڵه‌یان باش نییه و كاریان پێ ده‌كه‌ن پاره‌ی ته‌واویان ناده‌نێ و كاتێك ده‌چنه سه‌ر كار هیچ گرێبه‌ستێك له نێوان خاوه‌نكار و كرێكاری سووریدا نییه. هه‌روه‌ها هیچ منداڵێكی ئاواره‌ی سووری بۆی نییه له قۆتابخانه‌کانی توركیادا بخوێنێت و ده‌یان كێشه‌ی دیكه‌یان هه‌یه، بۆیه ئه‌وانیش ڕێگه‌ی ئه‌وروپا هه‌ڵده‌بژێرن، چونكه له‌وێ هه‌موو مافێكیان ده‌بێت و هیچ مافێكیان ناخورێت.
ئه‌و نووسه‌ره ڕه‌خنه له یه‌كێتی ئه‌وروپایش ده‌گرێت، به‌وه‌ی به هانای ئاواره‌كانه‌وه نه‌هاتوون و تا ئازاره‌كانی ئه‌وان له میدیاكانه‌وه نیشان نه‌درا و ئازاری ئه‌وان دنیای نه‌هه‌ژاند، ئه‌وانیش نه‌هاتنه هانایانه‌وه، كه ده‌بوایه به‌ر له‌وه‌ی تووشی ئازاری گه‌وره بن و بچه‌وسێنرێنه‌وه، به هانایانه‌وه چووبان. به‌ڵام له هه‌مانكاتدا سوپاسی ئه‌ڵمانیا ده‌كات كه ئاواره‌كانی گرتووەتە خۆی.
ئه‌و ده‌ڵێت: "بڕیاره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا دەرباره‌ی ئه‌وه‌ی ئاواره‌كان وه‌كو په‌ناهه‌ند وه‌رده‌گرێت زۆر جێی دڵخۆشییه، به‌ڵام هیواخوازم مامه‌ڵه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ئاواره سوورییه‌كان وه‌كو ئه‌و مامه‌ڵه‌یه نه‌بێت كه سی چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ ئاواره‌كانی توركیا كردی. هیوادارم ئه‌وان ببن به هاووڵاتی ئه‌ڵمانیا و دڵخۆش بن به‌وه‌ی له‌و وڵاته ده‌ژین و به چاوێكی ڕێزیشه‌وه ته‌ماشایان بكه‌ن."
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیشیدا گوتی من وه‌كو ڕۆماننوسێك ده‌توانم ئازاره‌كانی ئه‌وان له ڕۆمانێكدا باس بكه‌م و ڕاستی ئازاری ئه‌وان بخه‌مه ڕوو، به‌ڵام به بۆچوونی من ئه‌وان پێویستیان به قسه‌ی ڕۆمانسی و ئه‌ده‌بی ئێمه‌ی نووسه‌ران نییه و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌وان لای ئێمه نییه. ئه‌وه‌ی كێشه‌ی ئه‌وان چاره‌سه‌ر ده‌كات، هاووڵاتیانن به‌وه‌ی له ڕووی داراییه‌وه یارمه‌تییان بده‌ن و هه‌روه‌ها كاری سیاسییه‌كانه كێشه‌ی ئاواره‌كان چاره بكه‌ن.
كارزان گلی




