٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەریتانیا دیسان بە فڕۆکەی دڕۆن، تۆڕە نهێنیەکانی تیرۆریستان دەکوتێت

سەرچاوە: KDP.info

به‌ریتانیا -KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) بۆ بەدواداگەڕان و تێکشکاندنی تۆڕە نهێنیەکانی توندڕەوان و تیرۆریستانی داعش لە سووریا، بەریتانیا بەنیازە هێرشی ئاسمانی تایبەت بە (هێزی فڕۆکەوانی شاهانە)  و بەکارهێنانی فڕۆکەی دڕۆن ئەنجام بداتەوە.

ڕۆژی دووشەممە (دەیڤد کامیڕۆن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی کوشتنی دوو تیرۆریستی کرد کە بەریتانیایین و لە هێرشێکی تایبەتی نهێنیدا بە فڕۆکەی دڕۆن کوشتوویانن.
لە (٢١ ی ئاب)ـدا (ڕەیاد خان)ـی (٢١) ساڵان کە لەدایکبووی (کاردیف)ـە لە بەریتانیا لەگەڵ (ڕۆحولئەمین)ـی (٢٦) ساڵان کە لەدایکبووی (ئابێردن)ـە، لە هێرشێکی نهێنی فڕۆکە دڕۆنەکانی بەریتانیا لە نزیک ڕەقە کوژراون، ئەوان خەریکی پیلانێکی نهێنی بوون بۆ کردەوەی تیرۆریستی یان هێرشێ چەکداری لە بەریتانیا.
لەو بارەیەوە (مایکڵ فاڵۆن) وەزیری بەرگری بەریتانیا گوتی خەڵکانێکی دیکەش هەن کە ناویان لەو لیستەدا هەیە و لەناو ئەو گروپەدان، دەیانەوێت پیلانی بێڕەحمانە و دژی مرۆڤایەتی لە بەریتانیا ئەنجامدەن، بۆیە دوودڵ نابین لەبەکارهێنانی هێرشی هاوشێوەی ئەوەی پێشوو بۆ هەڵکوتانە سەریان.
(ئەحمەد مسەنا) کە دوو کوڕی چوونەتە ناو داعشەکانی سووریا، بە (بی‌بی‌سی)ـی ڕاگەیاندوە کوڕەکانی ئەویش لەوانەیە لەو لیستەدا بن کە بەریتانیا دەیەوێت بە فڕۆکەی دڕۆن بیانکوژێت.
شیاوی گوتنە، لەساڵی (٢٠١٣) دا پەرلەمانتارەکانی بەریتانیا لێدانی سەربازییان لە سووریا ڕەتکردەوە، بەڵام لە مانگی ئەیلولی پاردا ڕێگاییان بە حکوومەتی وڵاتەکەیاندا کە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە عێراقدا بەشداری بکات. (فاڵۆن) گوتی ئێستا یاسایەکی تازەیان پێویستە بۆ بەشداریکردنی بەریتانیا لە لێدانی سەربازی لە دژی داعش لە سووریادا.
و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار