تلسقۆف..پێشمهرگه داعشی شكاند و 15ـیشی لێ كوشتن

تلسقۆف -KDP.info- لەو سێ ڕۆژەدا داعش لە میحوەری تلسقۆف چەندین جار ھێرشی هێناوەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و شکاوە؛ وا ئهمڕۆیش پێشمەرگە داعشی شكاند و 15ی لێ كوشتن.
فەرماندەی فەرماندەیی دژە تیرۆر لیوا (وەحید كۆڤلی)، لە میحوەری تلسقۆف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ھێرشەكاندا ھەموو جۆرە چەكێك بەكار ھاتووە و پێشمەرگە بەبێ پاڵپشتی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان وەڵامی داعشی داوەتەوە و ھێرشەكانی تێك شكاندووە؛ ئەمڕۆش چەكدارانی داعش ھێرشیكی توندیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و لە ئاكامدا ١٥ چەكداریان لێ كوژرا و، چەند چەكدارێکیشیان لێ بریندار بوو".
ئەو فەرماندەیە لە بارەی زیانی پێشمەرگە گوتی: "خوشبەختانە پێشمەرگەی كوردستان بێئەزموون نییە بەڵكو بە تاكتیك و وریایی شەڕ دەكات و ئێمە زیانی گیانیمان پێ نەگەیشتووە".
ناحیەی تلسقۆف سەر بە شارۆچكەی تلكێفە لە پارێزگای نەینەوا و زۆرینەی دانیشتووانی مەسیحین، ساڵێك دەبێت ھێزەكانی پێشمەرگە، داعشی لێ دەرکردووە، لەبەر ئەوەی تلسقۆف لە بەرەكانی شەڕەوە نزیکە، هێشتا دانیشتووانەكەی نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵەکەیان.




