٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژ بە داخستنی سنوور و گورزە ئاسمانییەکان، لە ئیبراهیم خەلیل خۆپێشاندان ساز درا

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info-  ژمارەیەکی زۆر هاونیشتیمانی باکووری کوردستان لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل خۆپێشاندانیان دژ بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا و داخستنی سنوور بە روویاندا ئەنجام دا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 'رووداو'، ژمارەیەکی  زۆری ئەوانەی خۆپێشاندانەکەیان ئەنجام داوە شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەن کە لەرێگای باشووری کوردستان و تورکیادا کاردەکەن.

هاونیشتیمانییەکی باکووری کوردستان گوتی، دەوڵەتی تورکیا لە جزیرێ کەسوکاری ئەوان دەکوژێت و دەروازە سنووریەکەیش بە رووی ئەواندا داخراوە.

هاونیشتیمانییەکی دیکەش کە خەڵکی جزیرێی باکووری کوردستانە دەڵێت، خەڵکی سیڤیل لە جزیرێ کوژراون و تا ئێستا رێگە نادرێ  کەس بچێت بەلایانەوە .

گەنجێکی خەڵكی جزیرێش گوتی "داوا دەکەم لە بەرێزان (مەسعوود بارزانی) و (جەلال تاڵەبانی) کە لەسەر جزیرێ بێنە دەنگ. منداڵی کورد لە جزیرێ دەکوژرێت و کەس لەسەری بە دەنگ نایەت."

ماوەی سێ رۆژە دەروازەی سنووری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل لەلایەن تورکیاوە داخراوە و، هۆکاری داخستنەکەش بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیانە دەگێرنەوە کە لە ناوچەی سلۆپی و جزیرێ ئەنجام دەدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار