٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بزانە ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێم چەندە دابەزیوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-وەزاره‌تی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێ، لەساڵی٢٠٠٠ تاکو ٢٠١٥ لەو ماوەیەدا ١٠٦٥٤ بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواریی کردووەتەوە کە ٣٩١هەزارو٢٨٧ کەس ڕزگاریان بووە لە نەخوێندەواری، توانراوە ڕێژەی نەخوێندەواری لە (٣٤%) بۆ (١٥%) دابەزێنێت.
بەپێی بەیاننامەیه‌ك کە کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نێردراوە و تێدا هاتووە، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەواری ٨/٩ کە لە سەرتانسەری جیهاندا بەم بۆنەیەوە چالاکی جۆراوجۆر وبەرنامەی هۆشیاری سازدەکرێت، بەم بۆنەیەوە گەرمترین چەپکە گوڵی پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی چین و توێژەکانی گەلی کوردستان دەکەین و، هیوادارین وەک لە بەرنامەی وەزارەتدا نەخشەو پلانی بۆ داڕێژراوە وبە دروشمی (بەرەو کوردستانێکی خاڵی لە نەخوێندەواری) بتوانین هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە چروپڕتر بکەینەوە بۆ بنبڕکردن وکەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان. پێداگیری لەسەر گرنگیدان بە هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری وپرۆسەی فێرکردنی گەورە وخوێندنی تەوزیمی وفێربوون بۆ هەمووان و چوونە بەرخوێندن وکەمکردنەوەی ڕێژەی وازهێنان و دابڕان لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا مەبەست و ئامانجی وەزارەتی پەروەردەیە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزارەتی پەروەردە بەردەوامە لەهەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە سەرجەم شار وشارۆچکە و لادێکانی کوردستان و ڕەخساندنی هەل و دەرفەتی فێربوون بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان، لەساڵی٢٠٠٠ تاکو ٢٠١٥ لەوماوەیەدا ١٠٦٥٤ بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواری کردووەتەوە کە ٣٩١٢٨٧ کەس ڕزگاریان بووە لە نەخوێندەواری، توانراوە ڕێژەی نەخوێندەواری لە (٣٤%) بۆ (١٥%) دابەزێنێت
ئەوەش خراوەتە ڕوو، جگە لە نەهێشتنی نەخوێندەواری وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی ٢٠٠٥ وە تائەمڕۆ بەردەوامە لەجێبەجێکردنی کردنەوەی قوتابخانە وخوێندنگەی (فێرکردنی خێرا) لەهەرێمی کورستان و، ئەم پرۆژەیەش ئەو منداڵ و هەرزەکارانە دەگرێتەوە کە لەتەمەنی نێوان (٩ - ٢٢) ساڵاندان و لەبەر هەر هۆیەک بێت دابڕاون لە خوێندن یا مافی خوێندنیان نەماوە لە قوتابخانە فەرمییەکان یا وازیان لە خوێندن هێناوە، دەتوانن لەو پرۆژەیەدا بخوێنن و درێژە بەخوێندنی ئاسایی خۆیان بدەن، ماوەی خوێندنی قۆناغی فێربوونی بنەڕەتی کە (٩) ساڵی خوێندنە بە (٥) ساڵ تەواو دەکەن. تا ئێستا زیاتر لە(٩٠) قوتابخانە وخوێندنگەی فێرکردنی خێرا کراوەتەوە و زیاتر لە(١٢٠٠٠) قوتابی و، خوێندکار لەخۆ دەگرێت، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (٦٠٠٠٠) شەستهەزار قوتابی گەڕاوەتەوە بەرخوێندن.
ڕوونیشی کردووەتەوە، هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵات وبوژانەوە وبونیاتنانی کەسایەتی تاکی کوردستانی کە پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە بەتایبەتیش بواری پەروەردە و، فێرکردن هەنگاوی سەرکەوتووی ناوە. بۆ ئەوەی گیانی هاوکاری و، هاوئاهەنگی و هەست بەبەرپرسیارێتی زیاتر قووڵ بێتەوە و پیادە بکرێت بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، ئەم هەڵمەت وهەنگاوانەی وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەکە کە بتوانین دیاردەی دابڕان لەخوێندن ونەخوێندەواری بەرەو کەمبوونەوە و نەمان بەرین، بابەیەکەوە لە کەسوکار و خێزان وکەسانی دەوروبەرمانەوە دەست پێبکەین و هەوڵ بدەین هانیان بدەین بۆ چوونەبەرخوێندن و ڕووکردنە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و فێرکردنی گەورە بۆ ناونووسکردن و ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن دابڕاون بچنەوە بەرخوێندن و قوتابخانە و خوێندنگەکانی (فێرکردنی خێرا).
لەکۆتایی لێدوانەکەدا هاتووە، لەم دەرفەتەدا داواکارین دروشمی (بەرەو کوردستانێکی خاڵی لە نەخوێندەواری) ببێتە هەوێنی قووڵکردنەوەی گیانی هاوکاری و هەماهەنگی و کۆڵنەدانی هاونیشتیمانیان و مامۆستایان و دایکان و باوکان و دامودەزگەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەت لە پەرەپێدان و داڕشتنەوەی بەرنامە و ستراتیژییەتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، بابەیەکەوە ببینە پاڵپشت و، پشتیوان بۆ خزمەتی ڕۆڵەکانمان و پێگەیاندنی نەوەیەکی پڕ زانست و نوێخواز و ڕۆشنبیر کە دواڕۆژی خاک و نیشتمانەکەمان بەرەوپێشکەوتن و شارستانەت وئاشتی و ئاسوودەیی ببات و لە هەمانکاتیشدا هەوڵ بدەین لەنێو هیچ خێزانێکدا کەسی نەخوێندەوار و دابڕاو لە خوێندن نەمێنێت.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار