عێراق یەکەم هێرشی ئاسمانی بە فڕۆکەى (ئێف ١٦) بەسەرکەوتوویی ئەنجام دا

هەولێر-KDP.info- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەنگیئەمەریکا) لەوەتەی فڕۆکە (ئێف ١٦)ـەکانی ڕادەستکراوە، دوێنێ یەکشەممە عێراق یەکەم هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەکدارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەو فڕۆکانە بە سەرکەوتوویی ئەنجام داوە.
بەرپرسانی سوپای عێراقی ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاندوە کە فڕۆکە جەنگییەکانیان (١٥) هێرشی ئاسمانییان لە ناوچەییەکی بەرفراوانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش لە باکوور و ڕۆژئاوای عێراق ئەنجام داوە.
لەو بارەیەوە (خالید ئەلعوبەیدی) وەزیری بەرگریی عێراق گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەو فڕۆکانە کاریگەرییەکی بەرچاویان دەبێت لەسەر شەڕەکان لە داهاتوودا."
هەروەها (پیتەر کوک) سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکایش ستایشی ئەو هەڵمەتەی هێرشە ئاسمانییەکانی عێراقی کرد و لە لێداوانێکدا گوتی: "ئەو فڕۆکانە (سەرکەوتوون) لەو کەمپەینەی کە ساڵێکە هاوپەیمانەتیی نێودەولَەتی بۆ سەر داعش ئەنجامی دەدات، لەبارەی هەماهەنگییەکانی ئەمەریکا و عێراقیشەوە گوتی، ئەمەریکا ستراتیژیەتێکی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و خەڵکی عێراق بنیات ناوە و، لەگەڵ حکوومەتی عێراقی بەردەوام دەبین لە کارکردنی پێکەوەیی و ئەو فڕۆکانەی تریش کە ماون، لە چوارچێوەی خشتەیەکی بەرهەمهێناندا دەنێررێن.
شیاوی گوتنە، ئەمەریکا چوار فڕۆکەی (ئێف ١٦)ـی لە تەمموزی ڕابردوودا ڕادەستی عێراق کرد، هەڵبەت ماوەیەک بوو عێراق کڕیبوونی بەڵام ئەمەریکا ڕادەستی نەدەکردن. لە ساڵی (٢٠١١) دا عێراق (١٨) فڕۆکەی (ئێف ١٦) لە ئەمەریکا داوا کرد لە چوارچێوەی مامەڵەیەکی (٣ ملیارد) دۆلاریدا، هەروەها لەساڵی (٢٠١٢) ڕازیبوە بۆ کڕینی (١٨) ی دیکەش کە بایی (٨٣٠ ملیۆن) دۆلارن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە تێکشکاندنی مۆڵگە و پێگەکانی داعشدا، هاوپەیمانان لە ئابی ساڵی ڕابردوەوە زیاتر لە (٤١٠٠) هێرشی ئاسمانییان لە عێراق ئەنجام داوە و، لە ئەیلولی ڕابردوەوە کە لە سووریایش دەستیان پێکرد نزیکەی (٢٥٠٠) هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە.
و: خالید ئەحمەد




