هه‌ژموونی (پیاوه بێڕكابه‌ره‌كه‌ی توركیا) ئێستایش به‌سه‌ر ئاكه‌په‌وه دیاره

ئانکارا-KDP.info- به گوێره‌ی مادده‌ی 101ـی ده‌ستووری توركیا، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێت به سه‌رۆككۆماری توركیا پێویسته سه‌ر به هیچ پارتیێكی سیاسی نه‌بێت و، هه‌ر ئه‌وكاته‌ی وه‌كو سه‌رۆكی وڵات ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، پێویسته ده‌ست له كاری حیزبی هه‌ڵبگرێت.
له ساڵی 2014 (ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان) وه‌كو سه‌رۆككۆماری توركیا هه‌ڵبژێردرا، بۆیه ناچار كرا واز له سه‌رۆكی پارتیی داد و گه‌شه‌پێدان بهێنێت و له جێگه‌ی خۆی، (ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو)ـی ده‌ستنیشان كرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ئاگاداری سیاسه‌تی ناوخۆیی توركیا بێت، ئه‌وه‌ی بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه، هه‌ژموونی (ئه‌ردۆغان) به‌سه‌ر ئاكه‌په‌وه به ئاشكرا دیار بووه و ته‌نانه‌ت له زۆرێك له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌و پارته‌یش، به نهێنی ئاماده‌یی هه‌بووه.
كاتێك توركیا پێینایه ناو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 7ـی حوزه‌یرانەوە، (ئه‌ردۆغان) نه‌یتوانی بێلایه‌نیی خۆی بپارێزێت و وه‌كو بڵێی هێشتا سه‌رۆكی ئاكه‌په‌یه، بۆیه وه‌كو (داوودئۆغلو) ده‌چووه ناو خه‌ڵك و داوای لێده‌كردن پێویستی به 400 ئه‌ندام په‌رله‌مانه تا سیسته‌می وڵات له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی بگۆڕێت.
(ئه‌ردۆغان) ده‌یزانی كه توانای بانگەشەی (داوودئۆغلو) به‌و شێوه‌یه نییە، كه بتوانێت بڕوا به ده‌نگده‌ری تورك بهێنێت ده‌نگی پێبده‌ن. هه‌روه‌ها بانگەشەی (داوودئۆغلو) 100% جیاواز بوو له‌گه‌ڵ (ئه‌ردۆغان)، بۆیه هه‌ر له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می پرۆپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردندا دركی به‌م مه‌ترسییه كرد و ناچار خۆی ده‌ستووری توركیای پێشێل كرد، هاته ناو خه‌ڵك و هه‌موو رۆژێك داوای ده‌نگی بۆ ئاكه‌په له خه‌ڵك ده‌كرد.
كاتێك پارتییه سیاسییه‌كان ره‌خنه‌ی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی (ئه‌ردۆغان) گرت، ئه‌و ده‌یگوت من بێلایه‌ن نیم و له به‌ره‌ی گه‌لم، نه‌مگوتووه ده‌نگ به ئاكه‌په بده‌ن، به‌ڵكو گوتوومه پێویستمان به 400 ئه‌ندام په‌رله‌مانه بۆ گۆڕینی سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی. هه‌ر ئه‌وكات هاوسه‌رۆكی پارتیی دیموكراتی گه‌لان هه‌ده‌په (سەڵاحەد‌دین ده‌میرتاش) وه‌ڵامی دایه‌وه و گوتی، مادام وه‌ره داوای 400 ئه‌ندام په‌رله‌مان بۆ پارتییه‌كه‌ی ئێمه بكه، تۆ ده‌ته‌وێت كێ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنی 400 ئه‌ندام په‌رله‌مانت له كێ ده‌وێت، پارتییه ئۆپۆزسیۆنه‌كان هه‌موویان دژی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تین، كه‌واته ده‌ستوورت پێشێل كردووه و، قوڕ گرتنه‌وه‌كه‌ت بۆ ئاكه‌په‌یه.
هه‌ر 3 پارتیی ئۆپۆزسیۆن داوای یاسایی‌یان لەسەر (ئه‌ردۆغان) تۆمار كرد و به پێشێلی ده‌ستووری توركیا تۆمه‌تباریان كرد، به‌ڵام دادگا هیچ سزایه‌كی (ئه‌ردۆغان)ـی نه‌دا و دۆسیه‌كه‌یان داخست.
بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته (ئه‌ردۆغان) ده‌یه‌وێت ستراتیژیه‌تێكی تازه بگرێته به‌ر، ئه‌ویش چۆنیه‌تیی بانگدانه بۆ خه‌ڵك و بڕواپێهێنانیانه به‌وه‌ی حكوومه‌تی هاوپه‌یمانی به درێژاییی مێژووی توركیا زیانی به گه‌لی توركیا گه‌یاندووه و، پێویسته حكوومه‌تی یه‌ك حیزبی له توركیادا بوونی هه‌بێت. به‌ڵام ئایا بۆ ئه‌مه‌یان ئه‌مجاره‌یان بۆی هه‌یه دووباره ببێته‌وه ناو خه‌ڵك و ئه‌و داواكارییه‌یان لێ بكات؟
(ده‌میرتاش) له لێدوانێكیدا گوتی، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته (ئه‌ردۆغان) دووباره ده‌ستوور پێشێل بكاته‌وه و خۆی بچێته ناو خه‌ڵك و داوای ده‌نگ بۆ ئه‌كه‌په بكات، ئه‌وكات له دادگه‌ی ئه‌ورووپا داوای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین.
به گوێره‌ی ئه‌و راپرسیانه‌ی ئه‌نجام دراوه زیاتر له 60%ـی لایه‌نگرانی ئاكه‌په تاوه‌كو ئێستایش (ئه‌ردۆغان) به سه‌رۆكی پارتییه‌كه‌یان ده‌زانن. هه‌روه‌ها له كاتی دانانی لیستی كاندیدانی پارتییه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مان، به ئاشكرا هه‌ژموونی (ئه‌ردۆغان) هه‌ستی پێده‌كرێت و زیاتر له نیوه‌ی كاندیده‌كان ئه‌و خۆی دایده‌نێت و، بۆشی هه‌یه كاندیدی به‌رپرسه‌كانی دیكه‌ی ئاكه‌په لا ببات.
كاریگه‌ریی (ئه‌ردۆغان) بۆ توركیا ناشاردرێته‌وه و به هێزی ئه‌و سه‌رۆكه‌یش قازانجی زۆری به توركیا گه‌یاندووه. بۆیه ناتوانێت وه‌كو سه‌رۆكێكی ته‌شریفاتی ته‌نیا ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مان ده‌رده‌چن ئیمزا بكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت هه‌ر وه‌كو ئه‌وكاتانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بوو هه‌ر خۆی پیاوی یه‌كه‌می توركیا بێت. لایه‌نگرانی ئاكه‌په‌یش هیچ كاتێك دژی ئه‌وه نه‌بوونه كه ئه‌و سه‌ركرده‌یه پیاوی یه‌كه‌م و بێڕكابه‌ر بێت.
كارزان گلی




