٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەو ئەفسەرەی تەرمی ئایلانی هەڵگرتەوە باس لە ڕووداوەکە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

توركیا-KDP.info-  ئەو ئەفسەرەی لە کەنار دەریا تەرمی ئایلانی هەڵگرتەوە، باسی ئەو کاتە دەکات کە چووەتە سەر تەرمەکە.

ئەو ئەفسەرەی لە کەنار دەریا تەرمی ئایلانی هەڵگرتەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ باسی لەو کاتە کرد کە چووەتە سەر تەرمی فریشته‌كه‌ی كۆبانی.
(محەمەد چپلاك) ناوی ئەو ئەفسەرەی تیمی لێكۆڵینەوەیە و ئاشكرای دەكات لە ساڵی 1997ـەوە لە چەندین شوێنی جیاجیا لە فەرماندەیی جەندرمە كاری كردووە تا لە 2012ـدا لە ناوچەی بۆدروم ئەركی خۆی دەست پێ كردووە.
محەمەد ئاماژە بەوە دەكات كە سەعات چواری بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە كراوە كە لە كەناراوەكانی یاكیارلار فەنەربورنو بەلەمێك نقوم بووە و چەند سەرنشینێک خنكاون و دەریا تەرمەكەیانی داوەتەوە وشکانی.
ئەو دەڵێت سەعات پێنجی بەرەبەیان بۆ لێكۆڵینەوە چووەتە شوێنی ڕووداوەكە لە كەنار دەریا و هەندێك هاووڵاتیش گەیشتووبوونە كەنار دەریا و ئایلان دەمەوڕوو کەوتبوویە سەر  لمی كەنار دەریا و شەپۆل لێی دەدا.
محەمەد دەڵێت: "كاتێك چوومە شوێنەكە خواخوام بوو منداڵەکە نەمردبێت، هەوڵم دا كە ئاماژەیەك بدۆزمەوە كە لە ژیاندا ماوە، بەڵام بە داخەوە ساردەوە بووبوو. زۆر نیگەران بووم. هەركە منداڵەكەم بینی، كوڕەكەی خۆمم بیركەوتەوە و وێنەكەی هاتە پێش چاوم".
ناوبراو گوتی: "هەندێك كات خەڵك دەترسێت لەوەی لە تەرم نزیك ببێتەوە، ئەو كات جگە لە ئەركەكەم، وەك ئەوە بووم كە باوكێك باوەشی كردبێت بە منداڵەكەیدا. تەرمی ئایلان زۆر سووك بوو، بەڵام هەڵگرتنی بۆ باوكێك زۆر قورس بوو".
محەمەد چپلاك ئاماژە بەوە دەكات كە هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات ئەو وێنانە بە تەواوی جیهاندا بڵاو ببێتەوە و ببێتە بابەتی ڕۆژ.
ناوبراو ماوەی 10 ساڵ لە چەندین شوێنی جیاجیا ئەركی خۆی بەجێ گەیاندووە و ئاماژە بەوە دەكات  كە كارەكەیان زۆر ئەستەمە، بەتایبەت كاتێك دەچنە سەر تەرمی كەسە نزیكەكان و باس لەوە دەكات لە ناوچەیەكی نزیكدا، چۆتە سەر تەرمی هاورێیەكی نزیكی خۆی كە لە ڕووداوی هاتوچۆدا گیانی لەدەست دابوو.
ئەو ئەفسەرە ئاماژە بەوە دەكات كاتێك وێنەكانی لە ڕۆژنامەكاندا دەبینێت كە ئایلانی بە باوەشەوە هەڵگرتووە،  ئازارەكەی سەر هەڵداوەتەوە و زۆر لا پێیان دەگوت كە چۆن توانیویه‌تی تەرمێكی وا قورس هەڵبگرێت. 

هەواڵی پەیوەندیدار