٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ناهێڵین پشكی هەرێم دەستكاری بكرێت"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ هەرگیز ڕێگە نادەین لە بودجەی 2016دا پشكی هەرێم دەستكاری بكرێت و، دەبێ هەر سەداحەڤدەکە بێت، ئەگەر هەر هەوڵێك بدرێت بۆ ئەم مەبەستەش ئەوا هەڵوێستی زۆر توندمان دەبێت.

حاكم (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هیچ ساڵێک حكوومەتی عێراق بوودجەی هەرێمی كوردستانی بە تەواوەتی نەناردووە و، لە سەداحەڤدەکە هەر سەدا یازدە و دوازدەی ناردووە، چونكە خەرجی سیادیی لێ دەبڕن ئینجا بۆ هەرێمی دەنێرن. لێرەدا ئەگەر حكوومەتی عێراق پلان دابنێت كە بودجەی هەرێم لە ساڵی 2016 بكات بە سەدا١٢ ئەوا تەنیا سەدا چواروپێنجی بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرێت بە بیانووی بڕینی خەرجی سیادی."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەیشی دا كە: "تاكو ئەم كاتەش هیچ زانیاریەك لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2016 نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە و لەكاتی ئامادەكردنی پرۆژەیاساكەشدا لە ئەنجومەنی وەزیران هەموو پێكهاتەكان ئامادە دەبن و تاكو ئێستا هیچ بەرپرسێك بە فەرمی پێی ڕانەگەیاندووین كە بوودجەی هەرێم لە پرۆژەیاسای بوودجەی 2016ـدا لە سەداحەڤدەوە بکرێتە سەدا١٢؛ چونكە لە دەستووری عێراقدا پشكی بوودجەی هەرێم لەسەر بنەمانی دانیشتووان دیاری كراوە و، بە جێگیری، سەداحەڤدەیە."
ڕوونیشی كردەوەكە: "هەرگیز ناهێڵین لە بوودجەی 2016ـدا پشكی هەرێم دەستکاری بكرێت و دەبێ هەروەكو 2015 بمێنێتەوە كە سەداحەڤدەیە؛ ئەگەر هەر هەوڵێك لەلایەن كەس یان یان گروپی بدرێت بۆ ئەم مەبەستە ئەوا هەرگیز ڕێگەیان پێ نادەین و هەڵوێستی زۆر توندمان دەبێت، ناهێڵین ئەم بابەتە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا تێپەڕێندرێت."
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار