مەترسیێكی گەورەیە بەغدا سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە.. مینا ئاوەکەڵەیی: بەغدا ٩ملیاری بۆ سلێمانی ناردووە

بەغدا-KDP.info- حكوومەتی عێراق بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ پارێزگای سلێمانی رەوانە دەكات و، هیچ بڕەپارەیەكیشی بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك رەوانە نەكردووە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، بەغدا دەیەوێت سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە، بۆیە پێویستە سلێمانی ئەمە قبووڵ نەكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای سلێمانی(مینا سامی ئاوەکەڵەیی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە، بڕێک بوودجە وەک بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ ساڵی ٢٠١٥ کە تەنیا ٩ملیار دینارە لە بەغداوە ڕەوانەی سلێمانی کراوە.
(مینا ئاوەکەڵەیی) هەروەها گوتی، پارێزگاری سلێمانی لە کۆبوونەوەی پێشوودا ئەمەی بە ئەنجوومەن ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە، ٩ ملیار دینارە هاتووەکە کە سەدا١٥ـی بوودجەی پێویستە، ئایا ئەنجوومەن لەسەر پڕۆژەکان دەنگی لەسەر داوە یان پارێزگار، هەڵبەت ئێمە داوامان کردووە کە ئەنجوومەنی پارێزگا بەپێی یاسا بڕیار لەوە بدات کە، ئەم بڕە پارەیە بۆ کام لە پڕۆژەکان خەرج دەکرێ، ئەوانەی پار یان پڕۆژەی نوێ؛ چونکە بەپێی یاسا، دەبێ هەر بڕەپارەیەک کە بۆ پەرەپێدان تەرخان دەکرێ دەبی ئەنجوومەن بڕیاری لێ بدات؛ ئاخر خۆ ئێمە بوودجەی ٢٠١٤ـمان بۆ نەهاتووە و 'عجز'ـمان هەیە، بۆیە دەبێ بۆ پڕۆژەی نوێ بێ، چونکە ئەەگر وا نەبێ دەبێ پڕۆژە نوێیەکان بوەستن و هیچمان پێ ناکڕی.. هەلبەت دەشێ ئەنجوومەن بڕیار لەوە بدات کە هەندێکی بڕی پارەکە(٩ملیارەکە) بۆ پڕۆژەکانی پار خەرج بکات نەک هەمووی، بەڵام ئەمەیش پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە.
ساڵانە بوودجەی پەرەپێدانی پاریزگاکان لە بوودجەی گشتیی عێراق دیاری دەکرێت بۆ ئەو پڕۆژانەی کە لە لایەن پارێزگاکانەوە دەکرێن بە لیستیک و ڕەوانەی بەغدا دەکرێن و تێچووەکەیشی دەنووسرێ، وەک زانرا بەغدا بەشێکی ئەم بوودجەی پەرەپێدانەی بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە، بەڵام جێگری پاریزگاری هەولێر دەڵێ، ئێمە هیچ بوودجەیەکمان بۆ نەنێردراوە و هیچ بڕیارێکی ناردنیشیمان پێ نەگەیشتووە.
لای خۆیەوە (حاكم سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە بەدواداچوون بۆ پرسی ناردنی تەنیا بەشەبوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی دەكەین، ئەگەر ڕاست بوو كە بۆ ئەوان نێردراوە و بۆ پارێزگاكانی دیكە هیچ بڕەپارەیەك رەوانە نەكراوە، ئێمە قبووڵ ناكەین و بێدەنگیش نابین".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "حكوومەتی بەغدا دەیەوێت بەم رێگایە سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە و وا پێشانی بدات سلێمانی بەشێك نییە لە هەرێمی كوردستان و هەرێمێكی سەربەخۆیە، كە ئەمەیش مەترسیێكی گەورەیە".
دەشڵێت، پێویستە سلێمانی رێگە نەدات بەغدا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات و، بیەوێت ئەو پارێزگایە لە هەرێم جیا بكاتەوە.
بڵند ئیبراهیم




