گرووپی عەزام و شیشانی بووە شەڕیان.. نۆ تیرۆریستی داعش كوژران
__2015_09_06_h13m41s36__RM.jpg)
مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، شەڕی ناوخۆی داعش درێژەی هەیە و، ئەمڕۆیش دوو گرووپی دیكە بووەتە شەڕیان و، لە ئاكامدا نۆ تیرۆریست كوژران كە یەكێكیان ئەمیرە.
(سەعید مەموزینی) بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە گەڕەكی نوور لە رۆژئاوای مووسڵ، دوو گرووپی داعش بە ناوی گرووپی (عەبدوڵڵا عەزام) و (گرووپی عومەر شیشانی) بووەتە شەڕیان و، لە ئاكامدا نۆ تیرۆریست كوژران، كە یەكێكیان ئەمیرە و ناوی (ئەبوهودا)ـیە".
(مەموزینی) گوتیشی: "دوای ئەوەی ماتۆڕسكیلێك تەقەی لە بارەگایەكی داعش كرد و دوو تیرۆریست كوژران، هەڵمەتێكیان دەست پێ كردووە و دەستیان بەسەر ٢١٥ ماتۆڕسكیلدا گرتووە".
ڕوونیشی كردەوە، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ١٢٧منداڵیان بەزۆر بردووە بۆ مەشقی سەربازی، بەڵام باوكی یەكێك لە منداڵەكان ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووەتەوە لە گەڕەكی مائیلە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ و، دوو تیرۆریستی كوشتووە.
بڵند ئیبراهیم




