"هەر پابەندبوونێكی سیادی هەبێت ئامادەین بیدەین".. بەغدا ناچارە مووچەی فەرمانبەران بدات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بوودجەی 2016ـی عێراق تا ئێستا لە وەزارەتی داراییە و پێویستە لە كۆتایی مانگی 10ـی ئەمساڵدا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، بۆ بوودجەی هەرێم پێویستە رێككەوتنێكی دیكە بكرێت.
(نەجیبە نەجیب) ئەندامی كورد لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "چاوەڕێین بوودجەی 2016ـی عێراق لە كۆتایی مانگی 10ـدا بێتە ئەنجوومەنی نوێنەران كە تا ئێستا لە وەزارەتی داراییە و لە قۆناخی ئامادەكاریدایە، هەرچەند پێویست بوو بە كۆتا بهاتبایە، بەڵام بەهۆی چەندین كێشەوە دوا كەوتووە، لەوانە نرخی نەوت جێگیر نییە و كە بۆچوون هەیە دوو بوودجە ئامادە بكرێت، یەكیان لەسەر 40 ئەوەی دیكەیش لەسەر 45 دۆلار دواتر ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت و ئینجا بێتە ئەنجوومەنی نوێنەران".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نووێنەرانی عێراق، لەبارەی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستانیش گوتی: "بۆ بەشی 17%ـی هەرێمی كوردستان لە بوودجە كە هەرچەندە هیچ ساڵێك نەدراوە، پێویستە رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا بكرێت، هەرچەندە وەكو پێشتر نابێت، چونكە هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بە ئاگاداریی حكوومەتی عێراق دەفرۆشێت، بۆیە هەر پابەندبوونێكی سیادی هەبێت ئامادەین دەیدەین، چونكە بەغدا ناچارە مووچەی فەرمانبەران بدات، هەروەها خەرجیی شەڕی تیرۆریستان و ئاوارە و پەنابەر هەموو بوودجەیان پێویستە، بۆیە ئەگەر رێككەوتن هەبێت، ئەوا 17 لەسەد جێگیر دەكرێت".
(نەجیبە) زیاتر گوتی: "بە داخەوە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەپێی دەستوور وڵات بەڕێوە نابات، چونكە بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان گرێ نەدراوە بە نەوتەوە، لە ماددەی ( 121) بڕگەی (3)ـی دەستووردا ئاماژە دراوە كە، هەر هەرێمێك یاخود پارێزگایەك بەشێك لە داهاتی عێراقی بۆ ترخان دەكرێت و، نەگوتراوە ئەگەر نەوت هەبێت یاخود نەبێت، بۆیە گشت مامەڵەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان خستووەتە چوارچێوەی بڕیاری سیاسییەوە".
نەشوان بەرزنجی




