بهشار ئهسهد زیاتر له داعش خهڵكی سووریای كوشتووە

ئهمهریكا -KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (واشنتنپۆست) خەڵکی سووریا زیاتر بە دەستی هێزەکانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد کوژراون نەک داعش.
لە ڕاپۆرتەکەی واشنتنپۆست هاتوە لەنێوان مانگی کانوونی دووەمی ئەو ساڵ تاوەکو مانگی تەمووز سوپای ئەسەد و هێزەکانی تری سەر بە حکوومەتەکەی، (٧٨٩٤) کەسیان لە سووریا کوشتووە، لە کاتێکدا ڕێژەی قوربانییەکانی دەستی داعش لەو ماوەیەدا (١١٣١) کەس بووە.
چاودێرگە سووریاییەکەی مافی مرۆڤ کە لە لەندەندایە دەڵێ حکوومەتی سووریا هەر بە ڕۆژێ بۆردومانکردنی نزیک دیمەشق، زیاتر لە (١٠٠) کەسی کوشتووە. بە (١٠) ڕۆژ بۆردومانی دۆما و دەروبەری لەم مانگی ئابەدا، حکوومەت (١٣٠٠) کەسی کوشتوبڕ کردووە.
ڕێکخراوەکان بە گشتی لۆمەی حکوومەتی سووریا دەکەن کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی ٢٥٠هەزار کەس لە ماوەی چوار ساڵ پێکدادانەکانی سووریادا و بە هۆکارێکیشی دەزانن بۆ سەرهەڵدانی گروپە توندڕەوەکانی وەکو ناوچەکە بە تایبەتیش داعش. خەڵکی سووریا هەردوولا بە دوژمنی خەڵکی بەشمەینەتی سووریا و فەرهەنگ و شارستانەتەکەی دەزانن.
لە ڕاپۆرتەکەدا باسی ستراتیژیەتی ئەمەریکا و ڕۆژئاوای کردوە بۆ قەیرانی سووریا لەو بارەیەوە دەڵێت ئیدارەی ئۆباما بەدرێژایی ئەو ماوەیە پشتگیری لە چارەی دیبلۆماسی کردوە بۆ لابردنی ئەسەد، بەرپرسانی ئەمەریکایی و ئەوروپایی بەشار ئەسەد بە کلیلی سەرەکی ئاڵۆزییەکانی سووریا دەزانن بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو نیگەرانیەشیان دەربڕیوە کە کەوتنی ئەسەد و دروستبوونی بۆشایی زیاتری دەسەڵات لە ناوچەکەدا لەوانەیە ببێتەهۆی سەرهەڵدانی زیاتری گروپە توندڕەوییەکان لە ناوچەکەدا، بۆیە پێیان وایە دەبێت ئەم قەیرانەی سووریا، چارهیهكی بنەڕەتی بکرێت، بەڵام کەی و، چۆن و، دوای چی؟
و: خالید ئەحمەد




