وه‌ڵامی سێ بژارده‌كه‌ی پارتی ده‌ده‌نه‌وه.. پێنج لایه‌نه‌كه سبه‌ینێ كۆ ده‌بنه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- پارتیی دیموكراتی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو سێ بژارده‌ی خستنه‌ته سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه‌ی پێنجۆڵی، وه‌هایش بڕیاره چوار لایه‌نه‌كه، له كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێدا رای خۆیانی له‌باره‌وه بده‌ن.
سه‌عات11ی پێشنیوه‌ڕۆی سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه، جارێكی دیكه كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵی له‌نێوان پێنج لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت.
(د. ڤاڵا فه‌رید) ئه‌ندامی شاندی دانوستاندكاری پارتی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''تا ئێستا نازانین كۆبوونه‌وه‌ی به‌یانی دواكۆبوونه‌وه ده‌بێت یان كۆبوونه‌وه‌ی دیكه به‌دوادا دێت، به‌ڵام تا ئێستا كۆبوونه‌وه‌كان باش به‌ڕێوه چوون، به‌و هیوایه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێ، له ئاستی گه‌یشتن به سازان بێ.''
گوتیشی: ''ئێمه وه‌ك پارتیی دیموكراتی كوردستان، سێ بژارده‌مان خستوونه‌ته به‌رده‌م لایه‌نه‌كان، هه‌ڵبه‌ت سبه‌ینێ وه‌ڵامی ئه‌و لایه‌نانه وه‌رده‌گرینه‌وه.. ئه‌وه‌ی كه پێوه‌سته به رێكخستنه‌وه‌كه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌كان كێشه‌مان له‌گه‌ڵیدا نییه و باش رۆیشتووه، ئه‌وی ده‌مێنێته‌وه چۆنیه‌تیی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه، كه داخۆ له‌ناو خه‌ڵك بێت، یان ریفراندۆم، یان خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان یه‌كلای بكاته‌وه.''
رابین شێروانی




