عه‌قید ڕوكن تاریق جاف: دوو هامه‌ر تێك شكێندران.. ئه‌لبومحه‌ممه‌د و ده‌وروبه‌ری له ئاسمانه‌وه چاودێری ده‌كرێن

كه‌ركووك-KDP.info- (عه‌قید ڕوكن تاریق جاف) جێگری فه‌رمانده‌ی لیوای نۆی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ڕایگه‌یاند، هه‌ر ئێستا دوو هامه‌ری بۆمبڕێژكراو، كه بۆ هێرشكردنه سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له سنووری گوندی ئه‌لبومحه‌ممه‌د ساز داربوو، بوونه ئامانجی ئاسمانه‌هێرشه‌كانی هاوپه‌یمانان.
جێگری فه‌رمانده‌ی لیوای نۆی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، هه‌روه‌ها زانیاری دا كه، دوو سێ ڕۆژێكه، له ئاسمانه‌وه، دوو فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی چاودێری چه‌ند گوندێكی سنووری داقوق ده‌كه‌ن كه ئه‌مانه‌ن: زه‌نگڵاوه، حه‌سه‌ن شه‌لال، ئه‌حمه‌د شه‌لال، سه‌بعه نیسان و ته‌لڕه‌بعه؛ هه‌روه‌ها دوو فڕۆكه‌ی دیكه، مۆڵگه و ئۆتۆمبێله‌كانی داعشان ده‌كه‌نه ئامانج.
وه‌ك (عه‌قید ڕوكن تاریق جاف) پێیڕاگه‌یاندین، له گوندی ئه‌لبومحه‌ممه‌د كه گوندێكی كاكه‌ییه‌كانه، شوێنی بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێل و هامه‌ر بووه، هه‌روه‌ها تونێڵی زۆریان لێ داوه و، پێشبینی هێرشی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان كردووه، بۆ ئه‌م كارانه‌یان كردوون، له راستیدا ئێمه پێشبینی ئه‌وه‌مان نه‌كردووه، كه هه‌موو ئه‌م پلانانه‌یان هه‌بووه، تا بۆردوومان نه‌كران و تێكنه‌شكێندران، هه‌ڵبه‌ت پێمان وا بووه كه هه‌ر پێنج شه‌ش كه‌سێك له‌م گونده‌ن.
(تاریق جاف) گوتیشی، ڕه‌نگه تیرۆریستانی داعش پێشبینی ئه‌وه‌یان كردبێ كه، بۆ ئازادكردنی ناوچه‌گه‌لێك، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هێرش ببه‌نه سه‌ریان، بۆیه، وه‌ها پلانیان هه‌بووه و باش خۆیان مه‌ڵاس داوه.




