سێشەممەی دابێ، پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان دەوروژێندرێت

بەغدا-KDP.INFO- سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی وڵاتی قەتەری کردووە و پەرلەمانتارانی شیعەیش، 100ئیمزایان کۆ کردووهتەوە بۆ ئەوەی متمانەی لێ وەرگرنەوە؛ ئهوان باوهڕیان وایه، قەتەر یەکێکە لەو وڵاتانەی دەستی لە کوشتنی عێراقییهكاندا ھەیە و پشتگیری لە تیرۆر دەکات. پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان ئاسان نییە، چونکە بە تەوافوق دانراوە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەشواق جاف) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بڕیارە رۆژی سێشەممەی دابێ، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و رەنگە سەردانی سەرۆکی پەرلەمان بۆ وڵاتی قەتەر بخرێته بهر باسهوه و، داوای لێسهندنهوهی متمانه بخرێته بهر باسهوه؛ بۆ ئهم پرسهیش 100ئیمزا کۆ کراوهتەوە.
وهك (ئەشواق جاف) دهڵێت، بیانووی شیعەکان ئهوهیه كه، بۆ سهرۆكی پهرلهمان سەردانی قەتەری كردووه، له كاتێكدا ئهو وڵاته (به باوهڕی ئهوانهی ئیمزایان كردووه و شیعهن) ''پشتگیری له تیرۆر دەکات و دەستی لە کوشتنی خەڵکی عێراقدا ھەیە''، بەڵام لە بەرامبەردا کوتلەکەی سەرۆکی پەرلەمان باس لەوە دەکەن، بۆ سەردانی وڵاتی ئێران بکات ئاساییە، بەڵام ناکرێت سەردانی وڵاتی قەتەر بکات، بۆیە گەر لەسەر سەردانی قەتەر لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، پێویستە لەسەر سەردانی وڵاتی ئێرانیش لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
(جاف) ههروهها دهڵێت، سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوە کردووە کە بە ئاگاداریی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکە سەردانەکەی ئەنجام داوە. سهرباری ئهم ههوڵانهیش وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان ئاسان نییە، چونکە بە تەوافوق دانراوە.
بڵند ئیبراھیم




