٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەعبان بۆ عیززەت سابیر: پێویستە قسەكانت لە ئاست پۆست و تایبەتمەندییەكەتدا بێ

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە وەڵامی لێدوانێكی سەرۆكی لیژنەی داراییدا كە رەخنەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی رێكخراوەكان گرت، دەڵێت: "قسەكانی (د. عیززەت)، دەبێ لە ئاستی پۆستەكەی و تایبەتمەندییەكەیدا بێ لە بواری ئابووریدا، ئەگەر بە كردار لە ئاست قسەكانیدایە كە لە دانیشتنە گشتی و تایبەتەكاندا بوونەتە راپۆرتی كۆبوونەوەكان و بە راستی تیۆری موجەرەد نین، جا قەیدی چییە ئەگەر ئەم چاكسازیانە لە حزبەكەی ئەو یان هەر لایەنێكی دیكەوە دەست پێ بكات".

(دڵشاد شەعبان ) جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "لە نێوان قسەكردن و كردار لە ژیاندا زۆر رووی ئزیدواجییەت و تەناقز بوونی هەیە، بۆ نموونە هەندێ كەس رۆژانە باس لە هەندێ تیوری (موجەرەد) دەكەن لە هەندێك دانیشتنی گشتی و تایبەتدا، بەڵام لە واقیعدا بە تەواوی بە پێچەوانەی قسەكانیان هەڵسوكەوت دەكەن، تۆ بڵێی تا چ ڕادەیەك ئەم كەسانە بە قسەكانی خۆیان پابەند بن تەنانەت ئەگەر بە بەشێكی سادەیش بێت! ئەگەر نیەتمان چاكسازیی ئابووری بێت، هیچ مەعقولییەتێكی تێدا نییە تەنیا باس لە بەدەستهێنان (مكاسب) بكەین و قسە لەسەر ئەنجام و تەكلیفەی ئەو بەدەستهێنانە نەكەین".

(شەعبان) راشیگەیاند: "سەرۆكی حكوومەت (نێچیرڤان بارزانی) شەش مانگ پێكهێنانی حكوومەتی دوا خست بۆ ئەوەی چاكسازیی ئابووری بكرێت و هەموومان پێكەوە لە ئەنجامەكانی چ لە باشییەكان و چ خراپییەكانیش هاوبەش بین، قسەكانی (د. عیززەت سابیر) كە مامۆستای زانكۆ بووە و ئێستایش سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانە، دەبێ لە ئاستی پۆستەكەی و تایبەتمەندییەكەی بێ لە بواری ئابووریدا، ئەگەر بە فیعلی لە ئاست قسەكانتدای كە لە دانیشتنە گشتی و تایبەتەكاندا بوونەتە راپۆرتی كۆبوونەوەكان و بە راستی تیۆری موجەرەد نین، جا قەیدی چییە ئەگەر ئەم چاكسازیانە لە حزبەكەی تۆ یان من یان هەر لایەنێكی دیكەوە دەست پێ بكات".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "دڵنیام لەوەی سەرۆكی حكوومەت خاتری زۆری نامەكەی (كاك كۆسرەت) پێشمەرگە و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت لە دووبارە پێداچوونەوە بە فایلی ئەو كادیرانەی ئێوە، بەڵام چی لەو لیستەی ژنەكانی شاخ دەكەی كە بە ناوی ( شاناز ئیبراهیم ئەحمەد)ـەوە دەست پێ دەكات بە پلەی عەمید كە لە راستیدا (404) ژن نین، بەڵكە زیاترە لە ( 900) ژن كە لیستەكەیش لە بەردەستی مندایە، بێجگە لەو مووچەخۆرانەی بە ناو پیشمەرگەن كە رۆژێك بەرەی شەڕیان نەدیوە و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكار و هتد.. كە رۆژێكیش كارمەندی حكوومەت نەبوونە. ئەم نموونانەی كە باسم كرد، هەموو حزبەكان هەیانە بە حزبی منیشەوە، بۆیە لێت دەپرسم ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە ئەمانە لە چوارچێوەی یاسادا رێك بخرێن؟ ئایا مەعقولە كادیرێك بە پلەی راوێژكار و بەڕێوەبەر "لە هەر حزبێكدا بێت" دابمەزرێت بە بێ ئەوەی فەرمانی دامەزراندن و تەنانەت بڕوانامەی هەبێت و لە بووجەی گشتیدا مووچە وەربگرێت و لەسەر حسابی بوودجەی گشتی بێت؟"

دەشڵێت: "ئەگەر من و تۆیش قبووڵ بكەین، ئەوا دەرچوویەكی زانكۆ كە زیاتر لە پێنج ساڵە چاوەڕێی دامەزراندن دەكات، لێمان قبووڵ ناكات. ئایا مەعقولە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە لە سەدا 70ـی بوودجەی هەرێم تەشغیلی بێت، واتا بۆ مووچە بێت! ئەگەر ئێمە چاكسازی لە هەیكەلییەتی مووچە و خانەنشیندا نەكەین ئینجا بیر لە كەمكردنەوەی تێچووی ئەم حكوومەتە نەكەینەوە، دڵنیات دەكەمەوە داهاتی هەموو نەوتی وڵاتانی (ئۆپیك)ـیش بەشمان ناكات و بە تەمای گەشەی ئابوورییش مەبە".

لە كۆتایی وەڵامەكەیشیدا (شەعبان ) ئاماژەىدا: "هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە داوایەكی بڕیاری وەزیری دارایی بووە بە واژۆی وەزیر بەرز كراوەتەوە كە بڕیارێكی نایاسایی بووە بە شێوەیەكی یاسایی رێی لێ گیراوە و، باسی ئەوەی كردووە كە دەبووایە چاكسازی لە خۆتەوە واتا لە پارتییەوە دەست پێ بكەی، بۆیە دەڵێین ئەگەر ئێوە ئامادە بن بۆ چاكسازی، ئەوا وەكو پارتی هەموو كاتێك بۆ چاكسازی ئامادەین".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار