هەدەپە: پێویستە پەكەكە تاكلایەنە ئاگربەست رابگەیەنێت

ئانكارا-KDP.info- لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"ـدا كە دوێنێ بە بەشداریی هاوسەرۆكی ئەو پارتە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) ئەنجام درا، 80 پەرلەمانتاری ئەو پارتە داوایان كرد بە زووترین كات هەدەپە هەڵوێستێكی زۆر توند بەرانبەر بە "پەكەكە" رابگەیەنێت و، داوایان لێ بكات تاكلایەنانە ئاگربەست رابگەیەنن.
رۆژنامەی "جومهورییەت"ـی توركیا لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەی هەدەپەدا پەرلەمانتارەكان زۆر بە توندی قسەیان كردووە و (دەمیرتاش)ـیش پشتگیری لە قسەكانی ئەوان كردووە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی رۆژنامەی ناوبراو بڵاوی كردوونەتەوە، 80 پەرلەمانتارەكەی هەدەپە پێشنیازیان كردووە كە لیژنەیەك پێك بهێنرێت لە چەند ئەندام پەرلەمانێك و كاری ئەوان چوون بێت بۆ لای سەركردەكانی پەكەكە و بڕوایان پێ بهێنن كە تاكلایەنانە ئاگربەست رابگەیەنن.
هەدەپە زۆر نیگەرانە لەو شەڕەی كە ماوەی 2 مانگ دەبێت بەرۆكی توركیای گرتووە، چونكە زەرەرمەندترین لایەن لەو شەڕە خەڵكی سڤیل و شارە كوردییەكانن. هەروەها زیانێكی زۆری ئابووری بەر شارە كوردییەكان كەوتووە، بەوەی دوكانەكان لە ئێوارەیەكی زۆر زوودا لەبەر شەڕی كۆڵان بە كۆڵان دادەخرێن و خەڵكی كاسبی لێ قەدەخە كراوە، بۆیە داوا كراوە كە لەم ماوەیەدا بە تایبەت كە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕۆن، هەدەپە پەیامی ئاشتی بۆ خەڵكی توركیا چڕتر بكەنەوە، هەروەها ئەم جارەیان بە توندی رەخنە لە پەكەكە بگرن و پێیان بڵێن ئەگەر دەوڵەتیش شەڕ بكات، ئێوە مەیكەن و ئاگربەست رابگەیەنن.
پێشنیازی ئەو 80 ئەندام پەرلەمانە لە لایەن (دەمیرتاش)ـەوە رەزامەندیی لەسەر دراوە و لە ماوەیەكی زۆر كورتدا لیژنەیەك پێك دەهێنرێت بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ سەركردەكانی پەكەكە ببەستن و داوایان لێ بكەن تاكلایەنانە ئاگر بەست رابگەیەنن.
ئەوانەی دەبنە ئەندام لەو لیژنەیەیش پێویستە ئەو ئەندام پەرلەمانانە بن، كە پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ پەكەكەدا هەیە و رێزی تایبەتیان هەیە لای پەكەكە، بۆ ئەوەی بتوانن لەو رێگەیەوە ئاگری ئەو شەڕ بكوژێننەوە.
ئەوەیشی وای كرد كە هەدەپە لەسەر ئەو پرسە كۆ ببێتەوە، بڵاونەكردنەوەی پەیامی (ئۆجەلان) بوو لە رۆژی جیهانیی ئاشتیدا كە 1ـی ئەیلوول ئەو یادە كرایەوە.
هەندێك لە پەرلەمانتارەكان گوتوویانە، "ئێمە چاوەڕێ بووین لە 1ـی ئەیلوولدا (ئۆجەلان) پەیامی ئاشتی بۆ قەندیل بنێرێت و لەوێوە ئاگربەست رابگەیەنرێت، كە نەیكرد، پێویستە ئەو دەستپێشخەرییە لە لایەن هەدەپەوە بكرێت".
كارزان گلی




