دزه‌یی، ڕوونكردنه‌وه له‌سه‌ر بڕیارێكی سه‌رۆكوه‌زیران ده‌دات

هه‌ولێر -KDP.info- (سه‌فین دزه‌یی) گوته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت، ده‌رباره‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی كه (كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی)، ئاراسته‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه و، داوای کردووە چاو به‌و بڕیاره‌یدا بخشێنێته‌وه كه ده‌رباره‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری ڕێكخراوه‌كانی سلێمانی ده‌ری‌كردبوو روونكردنه‌وه‌یه‌كی راگه‌یاند.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه:
"ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیران ڕێكارێكی ته‌واو یاسایی و كارگێڕییه و په‌یوه‌ندیی به ڕێكخستنی كاروباری ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌وه هه‌یه كه هیچ دۆسیەیه‌كی كارگێڕییان نییه و، پێویسته به‌پێی ڕێكاره كارگێڕییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێك بخرێنه‌وه، تاكو وه‌ك فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌ت ببنه خاوه‌نی دۆسیەی كارگێڕی و پله‌وپایه و شوێنی ده‌وام و فه‌رمانگه‌یان دیار بێت."
(سه‌فین دزه‌یی) دووپاتیشی كرده‌وه كه "ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیران داویه‌تی، به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و مانایه نایه‌ت كه ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه مووچه‌یان ده‌فه‌وتێت، به‌ڵكو هه‌روه‌ك له كۆتاییی نووسراوه فه‌رمییه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیراندا هاتووه، بۆ ئه‌وه‌یه به وردی لێكۆڵێنه‌وه و به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته بكرێت و، پاڵپشت به یاسا و ڕێنماییه‌كان، ڕێكاری یاسایی‌ی پێویست بگیرێته به‌ر".




